وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پابەندن بە بڕیارەکانی ئۆپیک سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت. دەشڵێت، نزیکن لە گەیشتن بە چارەسەر لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم بۆ دەست پێ کردنەوە بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.
ئەمڕۆ دووشەممە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا هەناردەکردنی نەوتی خاو لە عێراقدا سێ ملیۆن و ٣٥٠ هەزار بەرمیل بۆ سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.
ئاماژەی بەوەش
کرد، عێراق پابەندە بە بڕیارەکانی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت "ئۆپیک"
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت و لە مانگی کانوونی دووەمدا عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی
کەمکردەوە بۆ کەمتر لە چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
سەبارەت بە دەست
پێ کردنەوە بە هەناردە کردنی نەوتی هەرێم باسی لەوە کرد، دەست پێ کردنەوەی هەناردەکردن
لە هەرێمی کوردستانی پەیوەستە بە دەست پێ کردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی هەرێم.
ئەوەشی خستە
روو، گفتوگۆکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم نزیکە لە گەیشتن بە
چارەسەر لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ دەست پێ کردنەوە بە بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم و هەناردە
کردنی.
ئەمەش لەکاتێکدایە،
لە ٢٥ـی ئازارەوە بەپێی بریارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی
هەرێم بە نادەستوری ناسێندرا و دواتریش هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا لەرێگەی بەندەری
جیهانەوە راگیرا و تا ئێستاش دەستی پێنەکردووەتەوە.