سەردێڕ:

کۆبوونەوەی عێراق و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان دەستی پێکردووەتەوە

PM:12:16:12/02/2024

1548 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی سودانی رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریکا دەستی پێکردووەتەوە. دەشڵێت، "ئەگەر هیچ پێشهاتێک روونەدات کۆبوونەوەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا بەردەوام دەبێت."


ئەمڕۆ دووشەممە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەكدارەكان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (X) رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە خاکی عێراقدا دەستی پێکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجی کۆبوونەوەکان هەڵسەنگاندنی دۆخی سەربازی و ئاستی مەترسی و ژینگەی ئۆپەراسیۆنەكان و توانای هێزەچەكدارەكانی عێراقە.

ئەوەشی خستووەتە روو، لەسەر بنەمای کۆبوونەوەکان خشتەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراقدا دادەرێژن هەنگاو بە هەنگاو تا ئەو کاتەی بەتەواوی ئەرکەکانیان لە خاکی عێراقدا کۆتایی پێدێت.

باسی لەوەش کردووە، ئەگەر هیچ كێشەیەک بۆ گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دروست نەبێت كۆبوونەوەكانی نێوانیان بەردەوام دەبن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە زووترین کاتدا.

رۆژی ١٠ـی شوبات لە پەرلەمانی عێراق لایەنە شیعەکان ١٠٠ واژۆیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق و کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانیان کۆکردەوە، بەڵام لایەنە سوننەکان و کوردەکان ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون.

پێشتر ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوان هەوڵدەدەن کارەکانى لیژنەى باڵای سەربازیى نێوان هەردوو وڵات بەردەوامبێت چونکە رەنگدانەوەی پابەندبوونی قووڵی ئەمریکایە بە سەقامگیری ناوچەکە و سەروەری عێراق.

وتیشی، سەلامەتی هاوڵاتییان و هێزەکانیان لە خاکی عێراق لە هەموو شتێك گرنگترە و دەنگۆی چۆڵكردنی باڵەخانەی باڵیۆزی وڵاتەکەشیان لە عێراق دوورە لە راستییەوە. دەشڵێت، "لە عێراق ناکشێینەوە، چونکە بە هاوپەیمانێتی لێرەین."













گەلەری