سەردێڕ:

بەتۆمەتی گەندەڵی؛ لێپرسینەوە لە وەزیری کۆچ و کۆچبەران دەکرێت

PM:07:06:11/02/2024

1676 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی سەباح بڵاویکردەوە، لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق لە چەند رۆژی داهاتوودا رێکارەکانی لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەست پێ دەکات بەهۆی گومانی گەندەڵی لە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی ماوەی بەسەرچوو و نەوتی کوالێتی خراپ و کۆن بوونی چادری ئاوارەکان و نەگۆڕینیان.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، بەهۆی چەند پرسێکی گەندەڵی لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لیژنەی دەستپاکی کاردەکات لەسەر کۆکردنەوەی چەند واژۆیەک بۆ لێپرسینەوە لە ئیڤان جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لیژنەی دەسپاکی بە چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی وەزیری کۆچ و کۆچبەران تۆمەتبار دەکات یەکێک لەوانە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی بەسەرچووە بەسەر ئاوارەکاندا و دۆسیەیەکی دیکە بریتییە لەوەی ماوەی ١٠ ساڵە چادری ئاوارەکان گۆرانکارییان بەسەردا نەهاتووە و ئەوەش مەترسی لەسەر ئاوارەکان دروست کردووە.

ئەوەشی خستووەتە روو، ئەو هاوکارییانەی لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دابین دەکرێت بۆ ئاوارەکان، دەچێتە گیرفانی گەندەڵکارانەوە و بەسەر ئاوارەکاندا دابەش ناکرێت، هەروەها دۆسیەیەکی دیکەی تۆماتبار کردنی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دابەشکردنی نەوتی سپی کوالێتی خراپە کە رەنگە ببێتە هۆی گڕگرتنی چادرەکان بەهۆی کارلێکی ئەو نەوتە و ماددەی نایلۆن لە چادرەکاندا.

باسی لەوەش کردووە، لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی فایلی گەندەڵییەکانی وەزیری کۆچ و کۆچبەران بخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق و پێشبینیش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لێپرسینەوە لە ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بکرێت.













گەلەری