جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەربارەی رێککەوتننامەکەی چین و سعودییە بۆ هەماهەنگی سەربازیی، وزە و تەکنەلۆجیا رایگەیاند، واشنتۆن، داوا لە سعودییە ناکات لە نێوان چین و ئەمریکا یەکێکیان هەڵبژێرێت.
ئەمڕۆ شەممە، ڤێدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، واژووکردنی چەند رێککەوتننامەیەکی ستراتیجی تایبەت بە بوارەکانی سەربازیی، بەرگریی و تەکنۆلۆجی لە نێوان سعودییە و چین ئەمریکا لایەنێک نەبووە لە رێککەوتننامەکان، هیچ پەیوەندییەکیان پێیانەوە نییە.
ئاماژەی بەوەشدا، "ئەوەی کە ئێمە لەم کابینەیەی حکومەتدا جەختمان لەسەر
کردووەتەوە ئەوەیە کە داوا لە وڵاتانی جیهان ناکەین لە نێوان ئەمریکا و چین یەکێکیان
هەڵبژێرن. ئامانجمان ئەوەیە لە کاتێکدا چەند بژاردەیەک دەخرێتە بەردەم وڵاتانی هەر
شوێنێکی جیهان ئەمریکا بەهێزترین بژاردە بێت".
هاوکات، لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنوساندا لەبارەی ئەوەی ئایا زیادبوونی
پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ وڵاتانی کەنداو زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناگەیەنێت؟ ڤێدانت
پاتێل ئاماژەی بەوەدا، ئەمریکا لەرووی دروستکردنی هاوپەیمانی، بنیاتنانی نەخشەی بەرگریی
و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی سەر ناوچەکە، سوودێکی بێهاوتای بەخشیووە و لەم رووانەوە
کەس نییە شان بدات لە شانی.
لەماوەی رابردوودا، حکومەتی واشنتۆن ئەوەی ئاشکرا کرد کە چاو بە پەیوەندییەکانی
لەگەڵ سعودییە دەخشێنێتەوە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی
ئەندام لە ئۆپیک پڵەس، هەروەها لە نزیکەوە چاودێری پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ریاز
و چین دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٨ی ١٢ی ٢٠٢٢ جین
شی پینگ سەرۆکی چین بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ریازی پایتەختی سعودییە بۆ
بەشداریکردنی لە هەر سێ لوتکەی چین – سعودییە وچین – وڵاتانی کەنداو و چین –
وڵاتانی عەرەبی. تیایدا چین ژمارەیەک رێککەوتنی سیاسی و سەربازی و ئابوری و
بازرگانی و تەکنەلۆجیای زانیاری لەگەڵ سعودییە بەتایبەتی و وولاتانی کەنداو
واژووکرد.