وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ـدا نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ٦٥ دۆلار بۆ ٧٥ دۆلار دادەنرێت. دەشڵێت، "سەرۆکوەزیرانی جەختی کردووەتەوە لە ساڵی داهاتوودا ١٢ بەشە خۆراکی مانگانە دابەشبکرێت."
ماهیر حەمدان بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی پلاندانانی راسپاردووە بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیاسای ٢٠٢٣ و پێشکەشکردنی لە نزیکترین کاتدا.
ئەوەشی خستەڕوو، لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ـدا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٦٥ بۆ
٧٥ دۆلار مەزەندە کراوە.
وتیشی، کارێکی راست نیە لە ئێستاوە نرخی نەوت لە بودجەدا دیاریبکرێت کە پێکهێنەرێکی
سەرەکی یاسای بودجەیە بۆیە نرخی نەوت بە کراوەیی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەوکاتەی بودجە
پەسەند دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی پلاندانان واژۆی لەسەر وردەکاری تێچووی بەڕێوەبردن
و چاکسازی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ کردووە و کار لەسەر وردەکاری بڕیارە نوێکان و دامەزراندن
و کارمەندانی گرێبەست دەکات.
بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، تاوەکو ئێستا بودجەی
خەرجییەکان عێراق بڕگەی پرسی سەرەکییەکان لەخۆ دەگرێت کە پێک دێن لە دانانی چەند ریکارێک
بۆ هاوکاریکردنی چینی هەژاران لە رێگەی سەبەتەی خۆراکەوە و حکومەت پلانی هەیە زیاتر
لە ١٠ سەبەتەی خۆراک لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا دابەشبکات.
هەر لەوبارەیەوە ئەوەشی خستەڕوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق
هەوڵێکی جددی داوە بۆ دابینکردنی ١٢ بەشەخۆراکی مانگانە لە ساڵی نوێدا.
باسی لەوەشکرد، بڕگەی دووەم لە بودجەی خەرجییەکان عێراق تایبەتە بە ئاسایشی
خۆراک و شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ کڕینی ئارد و جۆ بە ئامانجی دابەشکردنیان
بەسەر هاوڵاتیاندا.
دەشڵێت، بڕگەی سێیەمی پرۆژەیاساکە پەیوەندیدارە بە کەرتی کارەبا و دابینکردنی
پاڵپشتی بۆ کڕینی غاز و ئەو سەرچاوانەی دیکەی وزە کە دەتواندرێت بۆ زیادکردنی کارەبا
بەکاربهێندرێت و عێراق پاڵپشتییەکی تەواوی کەرتی کارەبا دەکات و ساڵانە ٢٢ ترلیۆن
دینار بۆ پاڵپشتی کەرتی کارەبا تەرخان دەکات.
ماهیر عەمدان باسی لەوەشکردووە، بڕگەی دیکەی زۆر هەیە کە دەکرێت لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ دا جێیانبکرێتەوە
وەک پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی و دابینکردنی پێداویستییە تەندوستییەکان و
باشترکردنی کواڵێتی دەرمان بەجۆرێک شایەنی بەکارهێنان بێت. سەرۆک وەزیرانیش جەختی
لە پێویستی گۆڕانکاری کە کەرتی تەندوستیدا کردووەتەوە و لە بودجەی ساڵ و پەرەپێدانی
کەرتی پەروەردە بەشێوەیەکی بەرچاو جێگەی دەکرێتەوە.
دەشڵێت، کەرتی پەروەردە و تەندروستی بەشێکی گرنگی بودجەی نوێی عێراق دەبن
و یەکێک لە پلانەکان زیادکردنی کورسییەکانی خوێندنی باڵایە تاوکو زانکۆکان بتوانن
ژمارەیەکی زیاتر لە خوێندکار وەربگرن.
لەبارەی بودجەی وەبەرهێنانیشەوە،
ماهیر حەمدان بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد، بودجەی وەبەرهێنان
پشکێکی بەهێزی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ـدا دەبێت و حکومەتی عێراق سورە لەسەر بونیادنانی
ژێرخانێکی بەهێز لە تۆڕی ئاوەڕۆ و کارەبا و خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتیان بکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، بریکار وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە باسی بەشێک لە بڕگە
سەرەکییەکانی پڕۆژە یاسای بوجەی ساڵی ٢٠٢٣دا هیچ ئاماژەیەکی بە پشکی هەرێم لە بەشە
بوجە نەکردووە. بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی هەرێم بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسییە
هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەتی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی
سەردانی بەغدا بکەن.