سەرۆکی دەزگای لوتکە رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئەوروپا لە ئیستۆنیا و ئەڵمانیا و لاتڤیا و لیتوانیا و پۆڵەندا بە هاوکاری یۆرۆپۆل دەزگای جێبەجێکردنی یاسای ئەوروپی تۆڕێکی بەرفراوانی قاچاخچێتیکردنیان بە کۆچبەرانی عێراقییەوە دەستگیرکرد.
ئەمرۆ شەممە، ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە تایبەت بە کاروباری کۆچبەران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، دەسەڵاتدارانی ئەوروپا لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی و یۆرۆپۆل دەزگای جێبەجێکردنی یاسای ئەوروپی تۆڕێکی بەرفراوانی قاچاخچێتیکردنیان بە کۆچبەرانەوە دەستگیرکردووە و تۆڕەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تۆڕەکە ئاسانکاریتەواوی بۆ کۆچبەران کردوە بۆ تێپەڕاندنیان لە عێراقەوە بۆ بێلاڕوسیا و دواتربۆ یەکێتی ئەوروپا .
سەرۆکی دەزگای لوتکە باسی لەوەشکردووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ لێکۆڵینەوەکان
لەو تۆڕە دەستی پێکردوە و تاوەکو ئێستا ٦١ ئەندامی گروپەکە دەستگیرکراون و لە سەرەتای ئەمساڵدا ١٠٠ حاڵەتی قاچاخچێتی ئەو تۆڕە ئاشکرا کراوە کە
زیاتر لە هەزار کۆچبەر تێیدا بەشداربوون.
دەشڵێت، لە چوارشەممەی رابردوو کە نوێترین هەڵمەتی دەستگیرکردنی قاچاخچییەنی
ئەو تۆڕە بووە، دەسەڵاتدارانی ئەوروپا هەشت تۆمەتباریان دەستگیرکردوە کە پێنجیان لە
ئەڵمانیا و دوانیان لە لیتوانیا یەک قاچاخچیش لە پۆڵەندا بووە لە میانی هەڵکوتانە سەر ١٧ شوێنی جیاواز کە ١٤یان
لە ئەڵمانیا و دوانیان لە لیتوانیا و یەک لە پۆڵەندا، ١٢ حاڵەتی قاچاخچێتی ئاشکرا کراون کە ١٣ ئاسانکار و ٣٠کۆچبەری تێدا بەشداربوون، جگە
لە دەستبەسەرداگرتنی ئامێری ئەلیکترۆنی و بەڵگەنامە و پارە.
ئاری جەلال ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆڕەکە زیاتر لە هاوڵاتییانی سوریا و
تورکیا پێکهاتووە گەشتی کۆچبەری رێکخستووە بەتایبەتی بۆ کۆچبەرە عێراقییەکان لە بەغداوە
بۆ یەکێتی ئەوروپا.
هاوکات، باسی لەوەشکردووە، تۆڕەکە پشتی بە تورکیا بەستووە وەک وێستگەیەکی
سەرەکی گواستنەوەی کۆچبەر و بەو پێیەی کۆچبەران
دوای ئەوەی لە عێراقەوە بۆ روسیا راکێشراون، دواتر لە بیلاڕووسیاوە بەرە و یەکێتی
ئەوروپا لە رێگەی لاتڤیا و لیتوانیا و پۆڵەندا گەشتیان کردووە، پاشان بە پلەی یەکەم
بەرەو ئەڵمانیا بەردەوام بوون و ژمارەیەکیشان بۆ فینلاند رۆشتوون.
راشیگەیاند، ئەندامانی تۆڕەکە بە شێوەیەکی کەسی یەکدی ناناسن و هەریەکەیان
لە شوێنێکدا لەسەر رێگای کۆچ جێگیرکراون و بەپێی ئەو ئەرکانەی کە هەریەکەیان ئەنجامی
دەدەن کەوتوونەتە ژێر پلەبەندییەکی کارکردنەوە و لە رێگەی حەواڵە و دراوی ئەلیکترۆنییەوە
پارەیان لە کۆچبەرەکان وەرگرتووە.
ئاری جەلال دەشڵێت، تۆمەتبارەکان ژمارەیان لە نێوان سێ هەزار بۆ ١٥ هەزارە
و ١٦ ملیۆن یۆرۆیان پێبووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە پێیی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە کۆچبەران لە بارودۆخێکی مەترسیداردان و کۆچبەرێک
کە لەلایەن تۆڕەکەوە بە خراپی مامەڵەی لەگەڵدا
کراوە گیانی لەدەستداوە، چونکە شۆفێرەکە لە
دۆخێکی ناجێگیردا لە نزیک سنووری ئەڵمانیا و پۆڵەندا بەجێی هێشتووە.