سەردێڕ:

لەسەر رووداوی هەڵکوتانە سەر فەرمانگەیەک لە چەمچەماڵ، داواکاری گشتی هەرێم سکاڵا تۆمار دەکات

PM:06:29:10/12/2022

5780 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتی داواکاری گشتی رایگەیاند، بەهۆی هەڵکوتانە سەر بەرێوەبەرایەتی خانووبەرەی چەمچەمال لە لایەن هێزێکی چەکدارەوە و بردنی ژمارەیەک دۆسیە، بڕیاریدا بە تۆمارکردنی داوای یاسایی.


ئەمڕۆ شەممە، یەکەی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کاوە فەتحی مەعصوم سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، بریاری دا بە تۆمارکردنی داوای یاسایی دەربارەی بردنی ژمارەیەک لە دۆسیە لە بەرێوەبەرایەتی خانووبەرەی چەمچەمال لە لایەن هێزێکی چەکدارەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، هێزێکی ٥٠ کەسی هەڵیانکوتایە سەر بەرێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی چەمچەماڵ و دوای شکاندنی قوفڵی ژووری دۆسیەکان سەرجەم دۆسیەکانی ناوچەی ( قادر کەرەم ) یان بردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ٣٥٠ – ٤٠٠ دۆسییە براون، هەربۆیە سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم بریاری دا لە رێگای جێگرایەتی داواکاری گشتی چەمچەماڵ بە جوڵاندنی سکالای یاسایی دژ بە ئەنجامدەرانی ئەم کارە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن و ئەم دۆسیانەش بگەرێنرێنەوە بۆ بەرێوەبەرایەتی تۆمار کردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ.

ئەمە لەکاتێکدایە، نیوەڕۆی رۆژی ٧ی ئەم مانگە هێزکی نەناسراو هەڵیانکوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتی تاپۆی چەمچەماڵ.

چاوگێک لە ناو بەڕێوەبەرایەتییەکە بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، هێزەکە چەند دەرگایەکیان شکاندوە و سەرجەم ئەو دۆسیانەی پەیوەست بوون بە کێڵگە نەوتیەکانی کۆرمۆر و قادر کەرەم لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

چاوگەکە باسی لەوەشکرد، پێش هێرشکردنە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکە هێزەکە کەسێکیان ناردوە تادڵنیابن لەوەی دەوامی فەرمانگەکە کۆتایی هاتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکە مۆبایلیان لە بەرێوەبەر و کارمەندەکاندەکان سەندووە و هاردی سەرجەم کامێرا چاودێریەکانی فەرمانگەکەشیان بردووە. هەڕەشەشیان لە کارمەندەکان کردوە دەربارەی رووداوەکە هیچ زانیاریەک بڵاونەکەنەوە.













گەلەری