پەیکی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێرانەوە بۆ سەر هەرێم رایگەیاند، "بەداخەوە تەنها دەتوانین وتەکانمان دووبارە بکەینەوە. هێرشە بەردەوامەکانی ئێران جێگەی قبوڵکردن نیە".
ئەمڕۆ سێشەممە، جنین هانێس پلاسخارت پەیکی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "بەداخەوە تەنها دەتوانین وتەکانمان دووبارە بکەینەوە. هێرشە بەردەوامەکانی ئێران جێگەی قبوڵکردن نیە".
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە عێراق وەك یەك مامەڵە بکات بۆ ئەوەی بوار بە
هەڕەشەی زیاتر نەدات. هێز لە دەرەوەی وڵات لە یەکڕیزی ناوخۆییەوە دەست پێدەکات.
هاوکات، جنین پلاسخارت لەگەڵ بڵاوکردەوەی ئەم پەیامەی لە تویتەری خۆی،
هەمان ئەو پەیامەشی پۆستکردووەتەوە کە رۆژی ١٧ی ١١ی ٢٠٢٢ لەبارەی هێرشەکانی
ئێرانەوە بۆ سەر بارەگا و بنکەکانی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی لە زڕگوێز و کۆیە
ئەنجامیدا بڵاوی کردبووە و تیایدا وتبووی، هێرشی دووبارە و پێشێلکردنی سەروەری
عێراق دەبێت رابگیرێت. ئەم کارە شەڕەنگێزییانە نەک هەر بێباکانە گرژییەکان زیاتر
دەکات، بەڵکو کارەساتیشی لێدەکەوێتەوە. تاکە رێگە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە
دەرەکییەکانی وڵاتانی دراوسێ بریتییە لەبەکارهێنانی ئامرازە دیپلۆماسییە
دامەزراوەکان.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ حسێن یەزدان پەنا سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان
بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئێران بە درۆن بۆردومانی بارەگاکانی پارەتەکەی کردوون لە
نزیک پردێ لە هەولێر و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.