سەردێڕ:

سودانی لەبارەی دووبارەبوونەوەی تەقینەوەکانی سیستمی غاز لە هەرێم چەند رێنماییەکی دەرکرد

PM:05:02:22/11/2022

19476 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دوا بەدوای دووبارەبوونەوەی رووداوی تەقینەوەی غازی شل لە هەرێم رایگەیاند، پێویستە هۆکاری دووبارەبوونەوەی رووداوەکان دەستنیشان بکرێن و هەموو رێکارێکی سەلامەتی بگیرێنە بەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە.


ئەمڕۆ سێشەممە، نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێرق لەبارەی دووبارەبوونەوەی رووداوی تەقینەوەی سیستمە گازییەکانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پێویستە هەڵوێستە لەسەر هۆکارەکانی روودانی ئەم رووداوانە بکرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، سودانی لەقوڵایی دڵیەوە هاوخەمی خێزان و قوربانیانی ئەو رووداوانەیە لە هەرێمی کوردستان کە دواهەمینیان لە شاری دهۆک روویدا.

هاوکات، سەرۆک وەزیرانی عێراق رێنمایی داوەتە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی کە پاڵپشتی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم بکەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە هۆکاری وردی دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە بدۆزرێنەوە و هەموو رێکارەکانی سەلامەتی بۆ دڵنیابوون لەوەی رووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە بگیرێنەبەر.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا دوو رووداوی تەقینەوەیە بەهۆی لێچوونی سیستمی غازەوە و لە سلێمانی و دهۆک روویدا. لە رووداوەکەی شاری سلێمانیدا ماڵێک تەقیەوە و ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا کە چواریان ئەندامی یەک خێزان بوون و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات، شەوی رابردووش لە یەکێک لە بەشەناوخۆییەکانی دهۆک بەهۆی لێچوون لە تانکییەکی غازی شل تەقینەوە روویدا و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیانلەدەستدا و نزیکەی ٣٠ کەسی دیکە بریندار بوون.













گەلەری