سەردێڕ:

وەزیری سامانە سروشتییەکان: ئەگەر هاوڵاتیان نرخی نەوتیان پێ گرانە با وەرینەگرن

PM:03:37:02/11/2022

6184 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، ئەو نەوتەی حکومەت بە ١٠٣ هەزار بە هاوڵاتیانی دەفرۆشێت، هاوڵاتی ٣٤٪ـی ئەو نرخە دەدات و ٦٥٪ـی نرخەکە حکومەت پاڵپشتی دەکات. دەشڵێت، ئەگەر هاوڵاتیان ئەو نرخەیان پێ گرانە دەتوانن وەرینەگرن.


کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، حکومەت پاڵپشتی ٦٥٪ـی نرخی نەوتی ماڵان دەکات و یەک بەرمیل بە ١٠٣ هەزار دینار دەداتە هاوڵاتیان.

ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی هەرێم بڕی ٧٠ ملیاری تەرخانکردووە بۆ کڕینی ئەو نەوتەی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت و نەوتەکەش بە سێ قۆناغ دابەشدەکرێت و دەشڵێت، " لە قۆناغی یه‌كه‌مدا نەوت لە ناوچه‌ شاخاوییه‌كان دابەشدەکرێت و دواتر دەورووبەری ئەو ناوچانە و دواتریش بۆ سەنتەری شارەکان."

ئەوەشی خستەڕوو، یه‌ک ملیۆن و ٢٥٧ هه‌زار خێزان لە هەرێم هەن و ئه‌و پاره‌یه‌ش كه‌ دابین كراوه‌ ٧٠ ملیار دیناره‌ بۆ قۆناغی یه‌كه‌م و ئەگەر حکومەت پاڵپستی نرخی نەوتی نەکردیە نرخی یەک بەرمیل نەوت ٢٨٤ هەزار دینار دەبوو.

لەبارەی رەتکردنەوەی نەوتی حکومەت لە لایەن قائیمقامی پێنجوینەوە بەهۆی گرانی نرخەکەی کەمال محەمەد، وەزیری سامانەسروشتییەکان بە وەکالەت باسی لەوەکرد، ئەوان هاوڵاتیان ناچار ناكه‌ن ئه‌و نه‌وته‌ وه‌ربگرن و ئەگەر لایان گرانە ده‌توانن وەرینەگرن و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی به‌غداد بكه‌ن هه‌رزانتر بێت به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و بڕه‌مان كڕیوه‌ به‌و نرخه‌.

وتیشی، "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دوو كۆمپانیا گرێبه‌ستمان كردووه‌ بۆ کڕینی نەوتی ماڵان و ئەو نەوتە لە له ‌ده‌ره‌وه‌ی هەرێم دەهێنین جا له‌ توركیا بێت یان له‌ كوێت بێت، یان له‌ هه‌ر جێگایه‌ک بێت ئه‌گه‌ر له‌ بازاڕ بیكڕن نرخی نه‌وت له‌ناو بازاڕ له‌سه‌ر هاوڵاتیان زیاد ده‌بێت بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ماندا له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ بێته‌ ناو هه‌رێم."

ئەمەش داوای ئەوەدێت، حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دەست بە دابەشکردنی نەوتی ماڵان دەکات و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتیش ١٠٣ هەزار دینار دەبێت لە کاتێکدا لە ساڵانی پێشوو ٤٠ بۆ ٦٠ هەزار بووە و ئەمەش نارەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە.













گەلەری