سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی سندوقی خانەنشینی هەرێم

PM:09:58:16/09/2022

14632 جار خوێندراوەتەوە

بەرێوبەری گشتی خانەنشینی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دامەزراندی سندوقی خانەنشینی لەسەر دامەزراندنی کارمەند پەکی کەوتووە. دەشڵێت، "هەرکات بەڕێوەبەرێکی بۆ دیاری بکرێت و کارمەندی بۆ دابمەزرێنرێت ئەوان دەست بەکار دەبن".


سەرەڕاى ئەوەى کە ماوەیەکى زۆرە حکومەت قسە لەسەر دروستکردنى سندوقى خانەنشینی دەکات، بەڵام تائێستا ئەو سندوقە نەخراوەتە گەڕوو وەک دەڵێن، هەنگاوى کردەیی بۆ دروستکردنى سندوقەکە نەنراوە.

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٦ هەزار کەس خانەنشین دەبن و موچەی مانگانەیان بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێت، بەڵام پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بەردەوام رووی لە زیاد بوونە.

حازم ئیسماعیل بەرێوبەری گشتی خانەنشینی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، دامەزراندی سندوقی خانەنشینی لەسەر دامەزراندنی کارمەند پەکی کەوتووە.

وتیشی، ئەنجومەنی وەزیران کارمەند دانامەزرێنێت و کەسیش نەگواستراوەتەوە بۆ پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان. هەرچەندە ئەوان داوایانکردووە بەڕێوەبەرێک بۆ سندوقەکە و دابمەزرێنرێت و کارمەندی بۆ تەرخان بکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، هەرکات وەڵامیان درایەوە ئەوان دەتوانن دەستبکەاربن.

ئێستا ٢٧٠ هەزار خانەنشین لە هەرێم هەن لە ناویاندا نزیکەی هەزار کەس بە پەرلەمانتار خانەنشین و بە سەدان کەسیش بە پلەی وەزیر و بەرێوبەری گشتی و پلەی سەربازی خانەنشینکراون کە بەشێکیان هیچ خزمەتێکیان نەبووە.

لەم کابینەی حکومەتدا بریاریبوو خانەنشینی رێکبخرێتەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ نەناوە و تا ئێستاش خانەنشینان نازانن ئەو پارەیەی بەناوی خانەنشینەوە لێیان دەبرێت بۆ کوێ دەچێت.

کاوە عبدلقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە یاسای چاکسازی دەرچووە و بەگوێرەی ئەو یاسایەش دەبوایە حکومەتی هەرێم سندوقی خانەنشینی دابنایە.

وتیشی، ئەوان تێناگەن حکومەتی هەرێم خۆی یاسا دەردەکات و هەر خۆشی جێبەجێیان ناکات، چونکە هەر یاسایەک لە بەرژەوەندی خۆیان نەبێت جێبەجێی ناکەن.

دەشڵێت، مانگانە پارە لە فەرمانبەران وەردەگیرێت بە ناوی خانەنشینییەوە، بەڵام کەس نازانێت ئەو پارەیە چی لێدێت و بۆ کوێ دەبرێت.

یاساى چاکسازى لە خانەنشینی موچە و دەرماڵە ئەو یاسایەى کەلەکاتى پەسەندکردنیدا زۆرترین مشتومڕى لەسەر دروست بوو، بەشێک لەو لایەنانەى کە پێداگرییان لەسەر پەسەندکردنى دەکرد، دەیانوت بەپەسەندکردنى ١٥٠ ملیار دینار بۆ خەزێنەى گشتى دەگریتەوە، بەڵام نەک هەر ئەو بڕە پارەیە نەگەرایەوە، بەڵکو بودجەى تەرخانکراوى بۆ موچە لە ٨٩٥ ملیار دینارەوە بەرزکردەوە بۆ ٩٣٠ ملیار دینار.

 


هێرش قادر – هەولێر













گەلەری