لە کۆتایی لوتکەی سەمەرقەندی "شەنگەهای بۆ هاریکاری"، سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە لوتکەکەدا راگەیەنراوێکیان بەناوی "راگەیەنراوی سەمەرقەند" بڵاوکردەوە کە چەندین خاڵ و بابەتی تایبەت بە ناوچەهەرێمییەکان و نێودەوڵەتییەکان لەخۆدەگرێت.
ئەمڕۆ هەینی، وڵاتانی بەشداربوو لە لوتکەی سەمەرقەند کۆتاییان بە لوتکەکە هێناو و راگەیەنراوی کۆتایی و راسپاردەکانی لوتکەکەیان لە چەند خاڵیکدا خستەڕوو.
گرنگترین لەوخاڵانەی لە راگەیەنراوی لوتکەی سەمەرقەند خراونەتەڕوو:
یەکەم: سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە "شەنگەهای بۆ هاریکاری" رەتیان کردەوە
هەردەوڵەتێک بە بیانوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر
دەستوەربداتە کاروباری دەوڵەتێکی دیکە.
دووەم: وڵاتانی ئەندام سەرکۆنەی کردەوە تیرۆریستییەکانیان کرد لەهەموو جیهاندا
و رایانگەیاند دژی هەرکردەوەیەکی تیرۆریستین و بەهەمووشێوەیەک ئامادەن رێگری بکەن
لەبەردەم بڵاوبوونەوەی تیرۆردا.
سێیەم: باشترکردنی دۆخی ئەفغانستان یەکێکە لە گرنگترین ئەو شتانەی کە دەبێ
بایەخی پێبدرێت، چونکە پەیوەندیدارە بەدۆخی ئاسایشی وڵاتانی ئەندام لە لوتکەی شەنگەهای.
چوارەم: وڵاتانی ئەندام لە لوتکەی سەمەرقەند داوای راگرتنی هاوبەشی پێکردنی
چەکی ئەتۆمی دەکەن لەگەڵ بەردەوامیدان بە داماڵینی وڵاتان لە چەکی ئەتۆمی.
پێنجەم: لەپێناو ئاشتی و ئارامی ناوچەکەدا، دەوڵەتانی لوتکەی سەمەرقەند جەخت
دەکەنەوە لەسەر هەبوونی گیانی هاوکاری لەنێوان رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا.
شەشەم: ئێستا جیهان بە قۆناغی گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا تێپەڕدەبێت کە لەگەڵ
توندبوونەوەی ململانێ و قەیرانەکان و خراپتربوونی دۆخی نێودەوڵەتی بەگشتی.
حەوتەم: وڵاتانی رێکخراوی "شەنگەهای بۆ هاریکاریی" کاردەکەن بۆ پێشخستنی سیستەمێکی
بازرگانی فرەلایەنی کراوە کە لەسەر بنەما و رێساکانی رێکخراوی بازرگانی جیهانی دامەزراوە،
هەروەها دژایەتی سنووردارکردنی بازرگانی دەکەن کە مەترسی لەسەر ئابوری جیهان دروست
دەکات.
هەشتەم: وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی "شەنگەهای بۆ هاریکاری" جەخت دەکەنەوە لەسەر
پابەندبوونیان بە هەڵسەنگاندنی وردی پەیوەست بە کارنەمەی نێودەوڵەتی ئێستا، هەروەها
بەرگری دەکەن لە سیستمێکی جیهانی یەکسان و دامەزراندنی بەرنامەی کاری هاوبەش و دیدی
هاوبەش لەپێناو خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی.
نۆیەم: داوا لە روسیا دەکەن هەوڵەکانی لە پێناو دیاریکردنی پەتا و نەخۆشییەکاندا
بخاتەگەڕ و دەستپێشخەری بکات لەو بوارەدا.
دەیەم: لە بەڵگەنامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە جێبەجێکردنی یەکلایەنەی
سزا ئابورییەکان، جگە لەوانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە
پەسەندکراون، پێچەوانەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییە.