چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، بە فەرمی داوای دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کردەوە بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەت. دەشڵێت، "واژۆی ١٨٣ پەرلەمانتار بۆ ئەو مەبەستە کۆکراوەتەوە و هاوپێچی داوافەرمییەکە کراوە".
ئەمڕۆ هەینی، عارف حەمامی پەرلەمانتار لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، بە فەرمی داواکاری پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە کە دوای تەواوبوونی چلەی ئیمام حسێن پەرلەمان دەست بە دانیشتنەکانی بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، واژۆی ١٨٣ پەرلەمانتار هاوپێچی داوافەرمییەکە کراوە بۆ
دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان. هاوکات، هیچ ئاماژەی بەوەنەدا هۆکاری
دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان چییە و گفتوگۆ لەبارەی چ بابەتێکەوە دەکەن.
عارف حەمامی ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەنگاوی یەکەم بە ئامانجی کاراکردنەوەی
پەرلەمان و دەستپێکردنەوەی دانیشتنە ئاساییەکانییەتی و بەگوێرەی یاساش سەرۆکی
پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی نییە رێگری بکات لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی
پەرلەمان.
ئەمەش لەکاتێکدایە، هەوڵەکان بەگەڕخراون تا لە هەفتەی ئایندەدا گفتوگۆکان
لەگەڵ رەوتی سەدر دەستپێبکاتەوە بە ئامانجی گەڕاندنەوەی رەوتی سەدر بۆ ناو کایە
سیاسییەکان.
لەوبارەشەیەوە، وەفا محەمەد ئەندامی پارتی ئاماژەی بەوەدا، گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ سەر مێزی
گفتوگۆکردن کارێکی گرنگە پێش ئەوەی باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و دەستپێکردنەوەی
دانیشتنەکانی بکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی تەمموزی رابردووەوە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی
پەرلەمان، دوای ئەوەی لایەنگرانی موقتەدا سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی
پەرلەمان، سەرجەم دانیشتنەکانی پەرلەمانی بۆ کاتێکی نادیار هەڵپەسارد.