سەردێڕ:

شێخ باز لەبارەی زیانەکانی ماڵەکەیەوە روونکردنەوە دەدات

PM:02:52:21/03/2022

14064 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی کۆمپانیای کار رایگەیاندووە، "هەموو ئەو بەرپرس و لیژنانەی هاتوون ئەوەیان بینیوە سەرجەم کەلوپەل و پێداویستی ماڵەکە جل و بەرگ و پێویستی رۆژانەی مەڵەکەمان ئەوەی کە ڕۆژانە هەموو ماڵێک بەکاریدەهێنێت، ماڵی شەخسی خۆمە هیچ کات بۆ هیچ مەبەستێکی تر بەکارنەهاتووە."


شێخ باز کەریم بەرزنجی سەرۆکی کۆمپانیای کار لەبارەی زیانەکانی ماڵەکەیەوە بە دەنگی ئەمریکای وتووە، "هەموو ئەو بەرپرس و لیژنانەی هاتوون ئەوەیان بینیوە سەرجەم کەلوپەل و پێداویستی ماڵەکە جل و بەرگ و پێویستی رۆژانەی مەڵەکەمن ئەوەی کە ڕۆژانە هەموو ماڵێک بەکاریدەهێنێت."

باسی لەوەشكردووە، "سەرجەمیان بە لیژنە عێراقییەکانیشەوە بینیویانە ئەو خانووە ماڵی هاوڵاتییەکی عێراقییە، ئەوە ماڵی منە، ماڵی شەخسی خۆم هیچ کات بۆ هیچ مەبەستێکی تر بەکارنەهاتووە، هیچ کەسێکی بێگانەش سەردانی ئەو شوێنەی نەکردووە، چونکە ماڵی خێزانی خۆم بووە هەر بۆ ماڵی خۆم بەکارهاتووە، سەبارەت بە ڕاپۆرتی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە، چ لیژنەکەی پەرلەمان چ لایەنە ئەمنییەکان ئەوانە لایەنی فەرمین و جارێ بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە من ئاگادار نیم جارێ."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "داوام لەو شاندانەش کردووە کە شاندی نێودەوڵەتی و بەرپرسان و باڵوێزخانەی وڵاتەکان هەروەها باڵوێزی ئێرانی خۆیان بێن سەردانی ماڵەکەم بکەن هەتا ببینن ئەو شوێنە و ناوچەکە، ناوچەیەکی نیشتەجێبوون و باخە خەڵکی سڤیلی تێدایە، ماڵی منیش یەکێکە لەو ماڵانەی لەو ناوچەیەیە."

لەبارەی موشەکەکان و ئێرانەوە وتووشییەتی، "سکاڵام تۆمارنەکردووە و تا ئێستا بەرپرسانی ئێران نە تیلفۆنیان کردووە، نە هاتوون، بەڵام هیوادارین بەزوترین کات بێن خۆیان ڕاستییەکان ببینن، چونکە ئێران دراوسێی ئێمەیە بە دەیان ساڵ پێش ئێستا لە هەر نەهامەتییەک بە هەموو شێوەیەک هاوکاری خەڵکی کوردستان و عێراقییان کردووە، بە دڵنییای و بە بڕوای کەسی خۆم هەڵەیەک هەیە لەو موشەک بارانکردنە."

لەبارەی زیانەکانی ماڵەکەیەوە رایگەیاندووە، "ئەوە لیژنە هونەرییەکان دەتوانن ئەو زیانانە بخەمڵێنن، بە نیسبەت خۆم زیانە مەعنەوییەکە زیاترە وەک لە زیانە مادییەکە."

لەبارەی هۆکاری موشەکەکانەوە چەند دەنگۆیەک هەیە و باس لەوەدەکەن، "کردنە ئامانجی ماڵی شێخ باز لەلایەن ئێرانەوە وەک پەیامێکی هۆشدارییە بۆ ناوبراو کە سەرۆکی کۆمپانیای (کار گروپە) و باس لەوە دەکرێت، بڕیارە ئەو کۆمپانیایە هەڵستێت بە ڕاکێشانی بۆری غازی سروشتی بۆ تورکیا، لەوبارەیەوە شێخ باز وتی، "بۆری غاز ئەوەی ئێستا حکومەتی هەرێم بە نیازە ڕایبکێشێت و کۆمپانیای ئێمە جێبەجێی بکات، قۆناغی یەکەمی لە ٪١٠٠ بۆ ژێر خانی هەرێمە."

دەشڵێت، "ئەو بڕە غازەی هەرێم بەرهەمی دەهێنێت، هێندە زۆر نییە تا هەناردەبکرێت، چونکە بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردێت، هیچ ڕاستیەک لەوەدا نییە جارێ غازی زیادە هەبێت، نە بۆریەکەش درێژ کراوەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات نە غازمان هێندە هەیە کە زیاد بێت لە پێداویستی ناوخۆ."

روونیشیکردووەتەوە، "بۆ ناوخۆی خۆمان پێویستمان بە ٩٥٠ ملیۆن فوت چوار گۆشە هەیە لە غاز، ئێستا ٥٥٠ ملیۆن فوت چوارگۆشە بەرهەم دێت، هێشتا وێستگەی کارەبای دهۆک غازی پێ نەگەیشتووە."













گەلەری