بۆچى ئەم هەڵبژاردنە گرنگتر و چارەنووسازترە؟
PM:04:35:29/10/2025
332 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+
-
ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق بۆچى گرنگە؟
یەکەم: سەرجەم ڕێکەوتنەکان کە پارتى و یەکێتى لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا
پێشتر گرێیانداوە هەڵدەوەشێنرینەوە ( بەتایبەت ئەوانەى لەچوارچێوەى ئیدارەى بەڕێوەبردنى
دەوڵەتدا بۆ پاراستنى بەرژەوەندى و پشکى خۆیان مۆریان کردبوو، بەو هۆیەوەش چەندین
کێشەو قەیرانى دارایى و سیاسى له هەرێم زیاتر قوڵبونەوە) سەرلەنوێ لەسەر بنەماى ئەنجامى
ئەم هەڵبژاردنە گرێ دەدرێنەوە، گەر ئەو دوو هێزە بەلاوازییەوە بچنەوە بەغا،
ناتوانن ئیدیعاى نوێنەرایەتى هەرێم بکەن، بەوەش گرفت بۆ پشک و بەرژەوەندییەکانیان
دروستدەبێت و دواجار دەرگایەک بۆ چارەسەرى ڕیشەى قەیرانەکان لەدەرەوەى ئەوان دەکرێتەوە.
دووەم: یەکەمجارە دوو حزبەکەى دەسەڵات دانبەوەدا دەنێن گەر بێتوو بەهێزەوە
نەچنە بەغدا، هاوسەنگیان تێکدەچێت، چارەنووسیان دەکەوێتە مەترسیەوە، چونکە هەموو
پرسە چارەنوسەکانى هەرێم بەهۆى لاوازی سیاسەتکردنیانەوە لەهەرێم بەستراوەتە بەغداوە
( فرۆشتنى نەوتى هەرێم، ڕادەستکردنى داهاتى نانەوتى، بودجە و موچە، پرسى تەوتین،
چاودێرى کردنى مەرز و داهاتە فیدراڵییەکان.. هتد).
سێیەم: یەکەمجارە هێزێکى ئۆپۆزسیۆنى وەکو نەوەى نوێ بەڵێنى چوونە حکومەت
دەدات، واتا بەشدار دەبێت لەئەنجومەنى وەزیرانى داهاتووى عێراق، بەوەش ئاگادارى سەرجەم
دۆسییە هەستیارەکان دەبێت، لەوانە موچە، تەوتین، پشکى هەرێم، دامەزراندن، داودەرمان،
داهاتى ناوخۆى، نەوت و زۆر پرسى تر، دەنگ و سەنگى دەبێت لەبڕیاردان و چارەسەردا،
دەبێتە چاوى خەڵک، هێزى ڕاستەقینەى خەڵک، خۆ گەر هەر بەربەستکێشى هاتە پێشەوە دەبێتە
سەرچاوەى دروستى بۆ زانین و بەئاگابوونى خەڵکى و کوێراندنى پشتەوەى ژوورە داخراوەکان
کۆتایى دێت.
چوارەم: تەنها هەڵبژاردنە هەوڵدراوە کاریگەرى ئۆپۆسیۆنى ڕاستەقینەى هەرێمى
تێدا کەمبکرێتەوە، لەبەرامبەریشدا هێزەکانى دەسەڵات هەموو توانا مادى و لۆجستى و پەیوەندى
و فشارێک دەخەنە گەڕ لایەنگرى خۆیان بچێتە دەنگدان و دەنگیان بۆ بدات، چونکە کورسى
کورد جێگیرە و دانراوە، گەر بێتوو لەشارێکى وەکو سلێمانی یان هەولێردا تەنها پێنج
هەزار دەنگدەریش بچن بۆ دەنگدان ئەوا لەسلێمانى ١٨ کاندید و لەهەولێریش ١٥ کاندید
دەبنە پەرلەمانتار، جا گەر تەنها دەنگدەرى دەسەڵات بچێت بۆ دەنگدان هەر ئەوان دەردەچن،
بۆیە لەزیهینى خەڵکیدا وشەى دیزاین ناڕاستەوخۆ بەگوێى خەڵکیدا دەدەن و مەبەستیان ئەو
هاوکێشەیە، تەنها چوونى دەنگدەرى دەسەڵات بۆ دەنگدان واتا دەرچوونى ئەوان، لەبەرامبەریشدا
چوونى زیاترى دەنگدەرى ناڕازى بۆ دەنگدان واتا تێکچوونى ئەو هاوکێشەیەى ئەوان.
بۆچى چارەنووسسازە؟
چارەنوسى دەسەڵات و خەڵکى ناڕازى یەکلایى دەکاتەوە، بەهێزبوونى دەنگى
ناڕازى خەڵکى لەبەغدا، لەناو پەرلەمان، لەحکومەت، واتا چارەسەرکردنى بەشێک لەکێشە
هەڵواسراوە سەرەکییەکان، لەوانە بودجە و موچە و کێشەى پشکى کورد لەدامەزراندن و کێشەى
خاک و زۆر پرسى تر، بەلاوازبوونى دەنگى ناڕازیش لەبەغا، واتا مانەوە و تۆخکردنەوەى
قەیرانەکان، نەبوونى بەدیل لەهەرێم بۆ گۆڕانکارى، بێ ئومیدیەکى گەورەتر بۆچارەسەر،
درێژکردنەوەى تەمەنى حکومڕانیەکى خراپ کە تەنها چاوى خستۆتە سەر گیرفانى هاوڵاتیان
و زۆر کێشەى تر!