کوردستان و کابینەى ماوە بەسەرچوو
PM:10:33:28/10/2025
168 جار خوێندراوەتەوە
کۆژین مەحمود
+
-
ئەوەى لە کوردستاندا
دەگوزەرێت لە هیچ وڵاتێکى تر ڕووینەداوە, لە ڕابردوودا بوونیشى نەبووە و هێندەى
نەماوە نزیک بینەوە لە تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە
لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ئەنجامدرا بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەى نوێی حکومەت
پێکنەهێنراوە بەڵکو کار و چالاکیەکانى پەرلەمانیش وەستێنراوە و لە هەرێمى کوردستان و لە سایەى
دەسەڵاتى یەکێتى و پارتى، مێژوو بەردەوام دووبارە دەبێتەوە و رووداوەکانى ساڵى
٢٠١٥ کە تێیدا پارتى دیموکراتى کوردستان رێگریکرد لە گەڕاندنەوەى سەرۆکى پەرلەمانى
کوردستانى ئەوکات بۆ هەولێر و درێژەدان بە پڕۆسەى دیموکراسى ئێستا دەبینین بە
جۆرێکى تر هەمان سیناریۆ دووبارە دەکاتەوە.
لەبەر ئەوەى ئەوکات پێى وابوو کە
پەرلەمان هەڕەشەیەکى گەورەیە بۆ سەر حکومەت و بەردەوام دەبێت لە لێپێچینەوە و
بەدواداچوون و ئاشکراکردنى گەندەڵیەکانى لەبەر ئەوە بە تەواوەتى قوفڵى لێدا و
کۆتاى پێهێنا بەڵام ئێستا دەبینین هەمان سیناریۆ بەلام زۆر خراپتر دووبارە
دەکاتەوە ئەویش لەڕێگەى رێگریکردن لە دروستبوونى کابینەى حکومەت و بەردەوامیدان بە
کابینە ماوە بەسەرچووەکەى مەسروربارزانى .
ئەوەى زیاتر کە بۆتە هۆکارى ئەوەى پلانى پارتى زیاتر سەرکەوتووبێت
پەکخستنى تەواوى سیستمى دیموکراسییە لە هەرێمى کوردستان بە جۆرێک بۆ جێبەجێکردنى
ئەم هەنگاوەشى پشتى بە شەریکى رێگەى هەمیشەیەکەشى بەستووە، کە یەکێتى نیشتیمانى
کوردستانە بۆ دەستگیرکردنی زۆرێک لە سەرکردەى حیزبەکانى ئۆپۆزسیۆن و
دوورخستنەوەیان لە هاوکێشە سیاسییەکە، دیارترینیشیان لەو نێوەندەدا (شاسوار عەبدولواحید
و لاهور شێخ) کە هەر بە زووى بۆ جێبەجێکردنى پلانەکەیان دادگایکردنى یەکێکیان و رێگریکردن
لە دەرخستنى هۆکارەکانى تاوانەکەى, و ئەویتریشیان ناڕوونى لە شوێنى
دەستگیرکردنەکەى .
پێم وایە ئەم هەنگاوە نوێیەى یەکێتى و پارتى پێکەوە بۆ خوڵکردنە چاوى
نوێنەرى وڵاتانى رۆژئاوا و بەتایبەتتر بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسایە کاتێک لە
کۆبوونەوەکاندایاندا پرسیارى کاتی پێکهێنانى حکومەت و ئاستى کۆبوونەوەکان دەکرێت
کە گەشتووە بە کوێ, بەهانەیان ئەوەیە حیزبە سیاسیەکانى بەرامبەریان ئامادەنین
کۆببنەوە لەسەر تەوەرى پێکهێنانى کابینەى نوێ بە پاساوى ئەوەى کەسێک یان
لیژنەیەکیان دەستنیشان نەکردووە لە غیابى سەرکردەکانیاندا.
بەمجۆرەش بێت پلانى رێگریکردن لە دروست بوونى حکومەت و بەرێوەچوونى
کارەکانى پەرلەمانى کوردستان بە یەکجارى پەکدەخرێت تاوەکو ئەو کاتەى کە خۆیان
بیانەوێت و ئەم جۆرە حوکمڕانییە بێ سەروبەرەیان پێباشترە وەکو لەوەى هەموو
هەفتەیەک لە پەرلەمانەوە بابەتێکى گەندەڵى و نەبوونى مووچە و دەستگیرکردنى بە
ناحەقى رۆژنامەنووسان و چالاکوانان و دورخستنەوەى سەرکردە سیاسیەکان و رووداوەکانى
٢٢ـی ئاب بکرێتە موناقەشەى گەرم و سەرۆک حکومەت لە پارتى و وەزیرەکانى سەر
بەیەکێتى بهێنرێنە هۆڵى پەرلەمانەوە بۆ لێ پێچینەوە .