سەردێڕ:

پاشەكشەی گەریلا

PM:01:37:27/10/2025
376 جار خوێندراوەتەوە
ئەنوەر حسێن بازگر
+ -

لە ٢٦ـی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٥، پاش یەك ساڵ لە تەوقە پڕگوماناویەكەی باخچەلی لە پەرلەمانی توركیا، پەكەكە، بەقسەی سەبری ئۆوك، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی (كەچەكە)، لەبەردەم ٢٥ گەریلادا وتی، تەواوی هێزەكانی (هەپەگە)یان لە باكور كشاندووەتەوە.

پەكەكە، ئامانج لەم كارەی هەنگاوێكی تری پڕۆسەی ئاشتییە، بەڵام ئەمە پاشەكشەیەكی تری پڕۆسەی ئاشتییە، لەژێر فشاری ئۆجەلاندا ئەنجامدراوە و بێ منەتی ئەنكەرەشی پێوە دیارە، هۆكارەكەشى دوو خاڵە:

یەكەم؛ ترس لە ئەگەری تێكهەڵچوون و شەڕ و پێكدادان لە نێوان گەریلا و سوپای توركیا لە هەرێمەكانی (سەرحەد، شێرناخ، باتمان و جوڵەمێرگ...) وەكو رووداوی كوشتنی٣٣ سەرباز و پێنج هاوڵاتی سڤیل لە ساڵی ١٩٩٣ هاوكات لەگەڵ پڕۆسەى ئاشتى لەلایەن شەمدین ساکیک ئەندامى كۆنسەی سەرۆكایەتی (پەكەكە)، (چ توركیا، چ پەكەكە، ترسیان لە كارەكتەری ناو هێزەكانیان و ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە).

دووەم؛ ترسی ئۆجەلان و توركیا لە ناردنی هێزی گەریلای زۆرتر بۆ ناو باكور لەلایەن ئەو باڵەی پەكەكە، كە خۆشحاڵ نین بە چەك دانان و پاشەكشە و كۆتایی خەباتی چەكداری (بەتایبەتی دوای بێ ئومێدبوون لە پرسی ئاشتی و هەنگاوە نێگەتیڤەكانی توركیا و وەرگرتنەوەی سیگناڵی بێزاری گەریلا و خەڵكی لە بێ نیەتی توركیا و كات كوشتی بە ئەنقەست و خۆ دەربازكردن لە كاریگەرییەكانی رووداوەكانی ٧ـی ئۆكتۆبەر).

پاشەكشەی یەكجارى گەریلا لە باكور، داواى ئەنكەرە بوو لە ئۆجەلان و جێبەجێشكرا، وەكو پرسی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانان.

بەڵام گەر سەرنجی پانۆرامای رووداوەكانی یەك ساڵی رابردوو بدەین، تێدەگەین، ئۆجەلان جار لە دوای جار هەنگاوی زۆرتر و توركیاش پاشەكشەی زۆرتر و بەڵێنی بێ كردارتر دەنێت.

- لە ٢٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، دەوڵەت باخچەلی پرسەكەی خستە رۆژەڤەوە.

- لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥، ئۆجەلان بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگاى دیموكراتی ڕاگەیاند.

- لە ١ـی یازاری ٢٠٢٥، پەكەكە ئاگربەستی ڕاگەیاند.

- لە ٥ـی تەمموزی ٢٠٢٥، پەكەكە لە كۆنگرەی ١٢ـی خۆیدا، خۆی هەڵوەشاندەوە و ناوەكەی خۆی گۆڕی و بڕیاری چەكدانان و كۆتایهاتنی خەباتی چەكداریدا.

- لە ٩ـی تەمموزی ٢٠٢٥، یەكەم پەیامی ڤیدیۆیی ئۆجەلان لەپاش بیست و پێنج ساڵ زیندانى بڵاوكرایەوە، كە بانگەوازی ئاشتی كرد.

- لە ١١ـی تەمموزی ٢٠٢٥، پڕۆسەی چەكدانان و سوتاندن چەكەكانیان بە بەشداری ٣٠ گەریلا لە ئەشكەوتی جاسەنە-سلێمانی بەڕێوەچوو، بەسەرپەرشتی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە).

- لە ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ڕاگەیاندنی پاشەكشەی تەواوی هێزەكانی (هەپەگە) لە باكوری كوردستان، لەلایەن سەبری ئۆوك، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی (كەجەكە).

دڵنیایشین لەوەی ئۆجەلان، لە داهاتوودا هەنگاوی تر و فشاری تر دەخاتە سەر قەندیل، لە كۆتایشدا چەندە توركیا ڕازی بكات، هێندە قەندیل نیگەران دەكات، چەندە فشار بكات بۆ پڕۆسەی ئاشتی، ئەنكەرە هیچ نادات و قەندیلیشی لەدەست دەچێت.

ئەنكەرە لە وەڵام بە هەنگاوی ئەمڕۆ و قسەكانی سەبری ئۆوك دا، عومەر چەلیك وتی؛ "ئەو هەنگاوە، نەخشە ڕێگای توركیای بێ تیرۆرە".

ئەمەیە ستراتیژی توركیا و سەرئەنجام جگە لە كات كوشتن و تاكتیك و بێ ئۆتۆریتەكردنی سیمبوڵەكان و بێ ئومێدبوون لە خەباتی چەکداری و كوشتنی ڕووحی شۆڕشگێڕی، لەكۆتایشدا بە سازكردنی سیناریۆیەكی پێش وەختەی ساختە پرسەكە لەبار دەبات.

شكستی پڕۆسەی ئاشتی دەخاتە ملى پەكەكە و قەندیلیش بەدەردى هەرێمی جافنا و پڵنگەكانی تامیل دەبات.

* ساڵی ٢٠١٢ كە پڕۆسەی ئاشتی نێوان (فارك و حكومەتی كۆڵۆمبیا) دەستیپێكرد؛ یەكەم دانیشتن لە كوبا بە ناوبژیوانی رائول كاسترۆ سەرۆكی كوبا بوو، ئەمریكا چرای سەوزی بۆ هەڵكردبوون، حكومەتیش هەنگاوی كردەیی نا، گەریلاكانی فارك بەسێ قۆناغ چەكەكانیان تەسلیم كرد بە ئاگاداری بان كی مۆن سەرۆكی (UN)، بە سێ قۆناغ پاشەكشەیان كرد لە خەباتی گەریلایی، سەرۆكی كۆڵۆمبیا هەموو كردە و نیەت باشی نیشاندا، تا خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، فارك لە بۆگۆتا بە ئاشكرا خۆی هەڵوەشاندەوە، لێبوردنی گشتی بۆ گەریلاكانی فارك و سەركردایەتیان دەركرا، لەناو سوپا دا پلە و پۆستیان وەرگرت، حیزبێكی مەدەنی نوێیان ڕاگەیاند.

پڕۆسەی ئاشتی، دەبێت ئاوابێت، نەك وەكو توركیا، كە ستراتیژی ئاشتی لە ئەجێندایدا نییە.

گەلەری