سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. پوتین سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگری وڵاتەکەی توشی دۆخێکی ناخۆش کرد

PM:12:47:22/02/2022

14748 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگری دەرەوەی روسیا توشی دۆخێکی شەرمەزارکەر بوو پاش ئەوەی پوتینی سەرۆکی وڵات لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەی روسیادا لە نێوەندی قسەکانیدا قسەی کرد و قسەکانی پێبڕی.


دوێنێ دووشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا کۆبوونەوەیەکی سازکرد بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ئۆکرانیا و سنورەکانی و بڕیار وابوو هەر بەرپرسێک بەگوێرەی کات و ریزبەندی قسە لەبارەی بابەتەکەوە بکات.

ئەوەی بووەتە جێگەی سەرنج ئەوەیە، لە کاتی قسەکردنی سێرگی ناریشکین سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگری دەرەوەی روسیا، ڤلادیمر پوتین سەرۆکی ئەو وڵاتە قسەکانی پێ بڕی و توشی دۆخێکی ناخۆشی کرد بەهۆی ئەوەی ناریشین کەسێکی کەمدووە و کەم دەردەکەوێت بابەتەکە ناخۆش و چاوەڕواننەکراو بوو بۆی.

لەگەڵ دەستپێکی قسەکانی سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگری روسیا بۆ کاروباری دەرەوە، پوتین بە پرسیارێک توشی سەرسوڕمانی کرد کە لێی پرسی: ئایا پشتگیری لە دانپێدانانی دوو هەرێمەکەی ئۆکرانیا دەکات یاخود نا؟ هاوکات، چەند جارێکی دیکەش قسەکانی پێ بڕی.

دۆخەکە بۆ سێرگی ناریشکین ناخۆش دەردەکەوت بەهۆی ئەوەی تەواوی نیشانەکانی دوودڵێ تێدا دەرکەوت و دواتر پوتین دۆخەکەی بۆ سەخترکرد کاتێک داوای لێکرد واز لە قسەی دیبلۆماسی بهێنێت و بە راستگۆیی قسەکانی بکات.

سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگری دەرەوەی روسیا باسی لەوەکرد، پێویستە وڵاتەکەیان هەڕەشەی دانپێدانانی دوو هەرێمەکە لە ئۆکرانیا بکات بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بە مەرجەکانیان رازی ببێت، بەڵام پوتین رایگرت و لێی پرسی، "بەڕاستگۆی قسە بکە، پێت باشترە دانسوتانیان لەگەڵ دەستپێبکەین یاخود دان بەسەربەخۆیی دوو هەرێمەکەدا بنێین؟"

پاشان ناریشکین وەڵامی دایەوە، ئەو پشتگیری بڕیارەکە دەکات، پوتین دووبارە قسەکانی پێ بڕی و لێی پرسی، "پشتگیری بڕیارەکە دەکەیت یان بەتەواوی لەگەڵ بڕیارەکەدا دەبیت، بە روونی قسە بکە سێرجی؟".

ناریشکین لە وەڵامی پوتیندا وتی، لەگەڵ ئەو بڕیارەدایە کە پاڵپشتی لە ناساندنی دوو هەرێمە جووداخوازەکەی ئۆکرانیا دەکات ببنە بەشێک لە خاکی روسیا.

پوتین دووبارە پێی بڕی و پێی وت، "ئەمە بابەتی گفتوگۆکردنمان نییە لەم کۆبوونەوەیەدا و تەنها باس لەوە دەکەین دان بەسەربەخۆی ئۆکرانیادا بنێین یاخود نا".

ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی وتارێکی پێشکەشی گەلی روسیا کرد و تیایدا دانینا بەسەربەخۆیی هەردوو هەرێمی دۆنتیسک و لۆگانسک لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا و ئەمەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا.













گەلەری

‌بەپەلە