سەردێڕ:

دۆخی ئۆکرانیا و کاریگەری لەسەر ئابوری ئەوروپا

PM:03:07:14/02/2022

7668 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی ئۆکرانیاوە، لە بۆرسەی میلانۆ و بەتێپەڕبوون بە پاریس و گەیشتن بە فرانکفۆرت بۆرسەی یەکێتی ئەوروپا بە رێژەی ٣٪ زیانی پێگەیشتووە، هاوکات، بۆرسەی روسیا بە رێژەی ٥٪ زیانی بەرکەوتووە.


لە ئەنجامی سەرهەڵدانی قەیرانی ئۆکرانیا و لە ئەگەری داگیرکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن روسیاوە بەهای رۆبڵی روسی بەرامبەر یۆرۆ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ نزیک بوونەوەی ئەگەرەکانی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە بازاڕی دراوەکانی ئەوروپا ناسەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە و چاودێران بە قورسترین قەیرانی دەزانن کە لەدوای جەنگی ساردەوە روبەڕوی ئەوروپا بووبێتەوە.

لە ئێستادا، ئۆلاف شۆڵتس راوێژکاری ئەڵمانیا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و بەنیازە سبەینێ سێشەممەش سەردانی مۆسکۆی پایتەختی روسیا بکات بە ئامانجی بەردەوامیدان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ هەریەک لە وەزیرانی دارایی ئەمریکا و بەریتانیا و ژاپۆن و کەنەدا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لە راگەیەنراوێکی هاوبەشیاندا ئاشکرایانکرد، لە ئێستادا کاری لە پێشینەیان کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا و دامرکاندنەوەی ئاگری جەنگە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، لە گەڕی هێرشکردنی سوپای روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و داگیرکردنی، دەستبەجێ ئەوان لە کەمترین ماوەدا قورسترین و گەورەترین سزای ئابوری بەسەر روسیادا دەسەپێنن و گورزێکی گورچکبڕی ئابوری و بازرگانی بەرامبەری دەوەشێنن.

ئەمە لەکاتێکدایە، بۆماوەی زیاتر لە دوو مانگە وڵاتانی رۆژئاوا، روسیا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە دەیان ھەزار سەربازی نزیک سنووری ئۆکرانیای کۆکردۆتەوە بە مەبەستی داگیرکردنی "کیێڤ."

لەلایەن خۆشیانەوە، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەوەیانخستووەتەڕوو، ئەگەری هەیە روسیا لە هەر ساتێکدا بێت ئۆکرانیا داگیربکات.

روسیاش زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەربازی لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە و بەردەوامیش رەتیدەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئەو وڵاتەی هەبێت.













گەلەری