وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لەڕێگەی فڕۆکەیەکەوە ژمارەیەک موشەکی ستینگەری دژە فڕۆکە و تەقەمەنی لە لیتوانیاوە پێگەیشتووە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ وەزیری بەرگری ئۆکرانیاوە بڵاویکردەوە، لەڕێگەی فڕۆکەیەکەوە ژمارەیەک موشەکی ستینگەری دژە فڕۆکە و تەقەمەنی لە لیتوانیاوە گەیەنراوەتە ئۆکرانیا.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ماوەی رابردوودا دوو فڕۆکەی دیکە
نزیکەی ١٨٠ تەن تەقەمەنی لە ئەمەریکاوە بۆ ئۆکرانیا هێناوە. وتیشی،
تاوەکو ئێستا ئۆکرانیا نزیکەی هەزار و ٥٠٠ تەن تەقەمەنی لەڕێگەی ١٧ گەشتەوە بەدەست
گەیشتووە.
بەرپرسە سەربازییەکان دەڵێن ئۆکرانیا لەڕێگەی یارمەتییەکانی
هاوپەیمانانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو هێزە چەکدارەکانی پتەوکردووە، بەتایبەتیش موشەکە
دژە تانکەکانی ئەمەریکا و بەریتانیاوە سوپاکەی پڕچەک کردووە.
هاوکات، وەزارەتی بەرگری کەنەدا رایگەیاند، وڵاتەکەی سەربازەکانی
بەشێوەیەکی کاتی لە ئۆکرانیا دەکشێنێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە لە ئەوروپا، بەڵام ئاماژەی
بە شوێنەکە نەداوە.
دەشڵێت، هۆکارەکەی ئاڵۆزبوونی ژینگەی ئەو شوێنەیە ئەرکەکانیانی
تێدا ئەنجام دەدەن، ئەوەش بەهۆی دوژمنکارییەکانی روسیاوە بەرامبەر ئۆکرانیا.
ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ
ترس و نیگەرانییەکانی وڵاتانی خۆرئاوا سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی روسیا بۆ داگیرکردنی
ئۆکرانیا.
کەنەدا سێیەمین وڵاتە لە جیهاندا کە زۆرترین دانیشتوانی
ئۆکرانی هەیە لە وڵاتەکەیدا، لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە ٢٠٠ سەربازیی بەمەبەستی مەشق کردن
بە سەربازانی ئۆکرانیا لەو وڵاتە جێگیر
کردووە.
لەلایەن خۆشیانەوە، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەوەیانخستووەتەڕوو،
ئەگەری هەیە روسیا لە هەر ساتێکدا بێت ئۆکرانیا داگیربکات.
لەبەرامبەردا، روسیاش زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەربازی لەنزیک
سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە و بەردەوامیش رەتیدەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئەو
وڵاتەی هەبێت.