لە دوای دوورخستنەوەی کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، یاریەکە تازە لەسەرەتادایە و ئەنجام شەرتە و پێویست بە ھیچ نیگەرانییەک ناکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە پشکی پارتی، لە فەیسبووکی خۆی نوسیوویەتی، " یاریەکە تازە لەسەرەتادایە وئەنجام شەرتە و پێویست بە ھیچ نیگەرانییەک ناکات".
ئاماژەی
بەوەشداوە، "راستەرێی کوردایەتی ھەزاران کۆسپی گەورەتری تەختکردوە".
لەبەشێکی دیکەی
نوسینەکەیدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، " ئەوەی لەکۆتاییدا پێدەکەنێ، زۆرتر پێدەکەنێ
بەمەرجێک نە ئەوکات مەغروربین و نە ئێستا غوبارێکی بچوکی نائومێدی بمانگرێتەوە".
ئەمە
لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دورخستنەوەی هۆشیار
زێباری کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەرکرد وبڕیارە ئەمڕۆش مەکتەبی سیاسی پارتی بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو حزبە کۆببێتەوە.
پێشتر، رۆژی ٦ی
٢ی ٢٠٢٢ دادگای فیدڕاڵی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، لەسەر سکاڵای ئەو کەسانەی
لە رێکەوتی ٣١ی ١ی ٢٠٢٢ لە سەر خۆکاندید کردنی هۆشیار زێباری تۆمارکرابوو، دادگا بڕیاریدا
بە راگرتنی سەرجەم رێوشوێن و رێکارەکانی هەڵبژاردنی هۆشیار زێباری بەشێوەی کاتی تا
کاتی یەکلایی کردنەوەی دۆسییەکەی.
سکاڵاکەش لەلایەن
چوار پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق کە بریتی بوون لە عەلی توركی جسوم، دیلان غەفور
ساڵح، كاروان عەلی یاروەیس و كەریم شكور تۆماركرا و تیایدا ئاماژەیان بەوەداوە
كاندیدكردنی زێباری پێچەوانەی ئەحكامەكانی دەستوورە.
دواتر، لە ٩ی ٦ی
٢٠٢٢ دادگاى فیدراڵى عێراق ئەمڕۆی وەک کۆتا رۆژی یەکلایی کردنەوەی کەیسەکەی هۆشیار
زێباری دەستنیشانکرد.
بەهۆی بڕیارەکەی
دادگاوە بەشێک لە لایەنەکان بڕیاریاندا، کە بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی
سەرۆک کۆمار نەکەن و دانیشتنەکە بەڕێوەنەچوو.
هەرهەمان رۆژ سەرۆکایەتی
پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا جارێکی دیکە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار
بکاتەوە و تاوەکو کاتژمێر ٣ی رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
دوابەدوای
دورخستنەوەی لە خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هۆشیار زێباری لە کۆنفرانسێکی
رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بڕیاری دادگای فیدراڵی سیاسی و نادادپەروەرانە بوو، دەشڵێت،
پێشتر لە دادگای کەرخ ئەستۆپالی خۆم سەلماندووە.