سەردێڕ:

چواری شوبات؛ رۆژی جیهانی شێرپەنجە

PM:02:42:04/02/2022

3560 جار خوێندراوەتەوە

لە دنیادا شێرپەنجە یەکێکە لە نەخۆشییە باوە کوشندەکان و ساڵانە بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس لەسەرانسەری جیهان توشی شێرپەنجە دەبن و لە نێوان حەوت بۆ ١٠ ملیۆن کەسیش بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە گیان لەدەست دەدەن.


بەپێی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە، ساڵانە ئەو ئامارانە روو لە زیادبوون و هەڵکشانە و شێرپەنجە لەسەر ئاستی دنیا بە دووەم کوشندەترین نەخۆشی دادەنرێت (دوای نەخۆشییەکانی دڵ).

رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی رایگەیاندووە ئەگەر رێژەی توشبووان بەو خێراییەی ئێستا لە زیادبووندابێت پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی ٢٠٤٠ لە ساڵێکدا، ٢٥ ملیۆن کەس توشی شێرپەنجەببن.

بەپێی توێژینەوەکانی رێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکان، هۆکارە سەرەکییەکانی شێرپەنجە پیسبوونی رەگەزەکانی ژینگە، ژینگەی ناتەندروست، خواردنی ناتەندروست، جگەرەکێشان، خواردنەوە کحولییەکان، قەڵەویی، وەرزش نەکردن و شێوازی نارێکی ژیانە.

هەفتەی رابردووش، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان رایگەیاند، توشبوون بە شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە زیادبووندایە و رۆژانە ١٠ کەس توشدەبێت.

نەخۆشی شێرپەنجە، بریتیە لە نەخۆشی جینەکان و تێکچوونی سیستەمی ژیانی خانە و چەندەها جۆری شێرپەنجە هەیە، بە گشتی جۆرەکانی شێرپەنجە بەشێوەیەکە، لە زۆر جۆریاندا سەرەتاکانی سەرهەڵدانی لە جەستەی کەسەکەدا نیشانەدار نییە. شێرپەنجە یەکێکە لە نەخۆشییە کوشندەکانی جیهان و تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی گشتگیر چارەسەرێکی جێگیر بۆ جۆرە جیاوازەکانی نەدۆزراوەتەوە، لە هەندێکیشیاندا کە ڤایرۆسین؛ ڤایرۆسەکە توشی بازدان دەبێت و خۆی دەگۆڕێت، بۆیە چارەسەرەکان ناتوانن بە تەواوی ڤایرۆسەکە بکەنە ئامانج لە جەستەی کەسەکەدا. بەڵام ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە ئەگەر لە سەرەتاکانی توشبوون بە شێرپەنجەدا کەسەکە پێی بزانێت، ئەوا لە زۆر جۆریاندا چاکبوونەوەی تەواوەتی روودەدات بە ماوەیەک کە زۆر درێژخایەن نەبێت، یانیش لە هەندێک جۆریاندا بە ماوەیەکی درێژخایەن چاکبوونەوە روودەدات، لە هەندێک کەسیشدا دەکرێت خراپتربوونی دۆخی نەخۆشەکە و گیانلەدەستدان دوابخرێت.

بۆیە گرنگە هاوڵاتیان ساڵانە پشکنینی گشتی ئەنجامبدەن، بەتایبەتیش هاوڵاتیان و دانیشتووانی ئەو ناوچانەی گومانیان لە پیسی ژینگەکەیان و خراپی جۆر و کوالێتی خواردنیان هەیە.

سەرەڕای ئەوانەش گرنگە هاوڵاتیان خۆیان هۆشیاریان بەرامبەر بە نەخۆشییەکان هەبێت و هەندێک رێکار بگرنەبەر، لەوانەش:

١.ئاگاداربن لەو جۆرە خواردنانەی کە دەیخۆن و ئەو شوێنانەی خواردنی لێدەخۆن.

٢.دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە کێشان، کە بەیەکێک لە هۆکارەکانی شێرپەنجەی سییەکان، گەروو، دەم.. هتد، دادەنرێت.

٣.دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوە مەستکارەکان.

٤.نەچوونە شوێنێک کە ژینگە و کەش و هەوای پیس بێت و لەکاتی ناچاربوون بۆچوونە ئەو شوێنانە ماسک بەکاربهێندێت، یانیش رەچاوی پاک و خاوێنی بکرێت.

٥.راگرتنی پاکوخاوێنی.

٦.پەرەدان بە سەوزایی لە ماڵەکاندا و نەشێواندنی سەوزایی گشتی، وەک: (پارک، دەشت و دەر، سەیرانگاکان).

٧.گرنگە هاوڵاتیان لەکاتی چوونە گەشتدا پاکوخاوێنی ئەو ناوچەیە رابگرن کە بۆی دەچن، هەر لە سەوزایی و زەوییەکەی تاوەکو ئاوی ناوچەکە و پاشماوەکانیان فڕێ نەدەنە ئاوی رووبارەکانەوە.

٨.ساڵانە ئەنجامدانی پشکنینی گشتی لەرێگای نەخۆشخانەکانەوە.

٩.تایبەت بە شێرپەنجەی مەمک، لە ژنان و پیاواندا دەکرێت هاوڵاتی ئەو هۆشیارییەی هەبێت مانگانە خۆی پشکنین بۆخۆی بکات لە رێگای سەری پەنجەکانییەوە، ئەگەر هەست بە بوونی گرێ یان هەر شتێکی نامۆ بکات، دەتوانێت لەلای پزیشک دڵنیا ببێتەوە؛ کە مەرج نییە هەموو گرێیەک یان نامۆییەک ئاماژە بێت بۆ شێرپەنجە.

١٠.گرنگە هاوڵاتیان چاودێری جەستەی خۆیان بکەن و گۆڕانکارییەکانی جەستەیان بە هەند وەربگرن و پشتگوێی نەخەن.















گەلەری