سەردێڕ:

سەیدسادق؛ مێردمنداڵێک بەتۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی دەستگیرکرا

PM:06:02:03/02/2026

10704 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لە گوندێکی سنووری سەیدسادق مێردمنداڵێکی تەمەن (١٣) ساڵیان بەتۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی دەستگیرکرد.


ئەمڕۆ سێشەممە ٣ـی شوباتی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای هەواڵی برینداربوونی کەسێکیان لە گوندی تاسڵوجەی سەر بە سەیدسادق گەیشتە بنکەی پۆلیسی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادق، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر بریندارەکە لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانیلەدەستدا، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە رێکخرا و دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکرد بەپێی ماددەی (٤٠٥) لە یاسای سزادان.

دەشڵێت، توانرا لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا، تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادقەوە دەستگیربکرێت، هەروەها دەستگیرا بەسەر ئەو چەکەدا کە لە رووداوەکەدا تۆمەتبار بەکاریهێنابوو.

پۆلیسی سلێمانی وتیشی، لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بە بڕیاری دادوەر و بە هەمان ماددەی یاسایی راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن.













گەلەری