ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو هێزەکانی ئەمەریکا بۆ رەوانەکردن بەرەو رۆژهەڵاتی ئەوروپا ئامادەکران، ئەمەش سەروبەندی زیاتربوونی گرژییەکانی نێوان ئۆکرانیا و روسیادایە.
باسی لەوەشکردووە، ژمارەی سەربازە ئەمەریکییەکان کە نزیکەی ١٧٠٠ سەرباز دبن لە بنکەی سەربازی فۆرت براگ لە نۆرس کارۆلایناوە بە فڕۆکەیەک بەڕێکەوتن بۆ رۆژهەڵاتی ئەوروپا و لە هەمان کاتدا، ٣٠٠ سەربازیش رەوانەی ئەڵمانیا دەکرێن.
ماثیۆ ڤیسەر وتەبێژی سوپای ئەمەریکا لەبارەی گواستنەوەی سەربازەکانیانەوە
رایگەیاند، "ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینن ئاسانکارییەکە کە زۆرجار بۆ هێزەکانمان دەیکەین
پێش ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان."
وتەبێژەکەی سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، رەوانەکردنی سەربازەکانیان
وەک پشتیوانییەکە بۆ هاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ و سنوردانانە لەبەردەم روسیادا.
پێشتر، رۆژی چوارشەممە ئەمەریکا رایگەیاند نزیکەی ٣٠٠ سەربازی دیکە رەوانەی
پۆڵەندا و رۆمانیا دەکات، ئەوەش بەمەبەستی پتەوکردنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ئەوروپا لەدژی
ئەگەری هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.
دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، سیستەمی موشەکی S-400ی
دژە فڕۆکەی وەک بەشێک لە ئامادەکاری بۆ بەرپەچدانەوەی دەوڵەتانی هاوپەیمان گەیاندووەتە
وڵاتی بیلاروسیای هاوپەیمانی.
هاوکات، لەم هەفتەیەی کۆتاییدا
گرژییەکانی نێوان روسیا و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر بووە و ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا
روسیا بە ویستی داگیرکاری تۆمەتباردەکەن، هاوکات لەسەر سنوری بیلاروسیاش هێزەکانی
روسیا بەرامبەر هێزەکانی ناتۆ وەستاونەتەوە لەسەر سنوری رۆژهەڵاتی ئەوروپا.