سەردێڕ:

سیپان ئامێدی: داوامان لە حکومەت کردووە نرخی نەوت لەناو شارەکانیشدا وەک پێشووی لێبکرێتەوە

PM:03:57:11/01/2022

3696 جار خوێندراوەتەوە

سیپان ئامێدی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ رایگەیاند، بە نووسراو داوایان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، نرخی نەوت لە شارەکانیشدا وەک پێشووی لێبکرێتەوە و بە ٩٠ هەزار دینار بەسەر هاوڵتیاندا دابەشنەکرێت.


سیپان ئامێدی نووسراوەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، لەکاتێکدا ئەوە نیوەی زستان تەواو بووە و کۆتایی دێت، بەشی زۆری هاوڵاتیان سوتەمەنیان وەرنەگرتووە.

ئەوەش هاتووە، ئەوانەشی وەریان گرتووە، لە ناوچە شاخاوییەکاندا یەک بەرمیل نەوتیان بە ٥٥ هەزار دینار پێدراوە، کە یەک بەرمیل بەشی مانگێکی ئەو ناوچە شاخاویانە ناکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا کە بڕیار وایە لە سەنتەری شارەکان نەوت بدرێتە هاوڵاتیان بۆ یەک بەرمیل بڕی ٩٠ هەزار دینار دیاریکراوە، کە دەبێت هاوڵاتیان خۆیان بچنە شوێنی دیاریکراو وەریبگرن، بەبێ ئەوە ببرێتە گەڕەک بە گەڕەک.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، زیادکردنی ٣٥ هەزار دینار لە نرخی نەوت هاوڵاتیانی نیگەران کردووە، لەجیاتی ئەوەی هاوکاری خەڵک بکرێت کە ئەوە مافێکی رەوای خۆیانە سودمەند ببن لە سامانی سروشتی وڵاتەکەیان، بەڵام بۆیان بووەتە بارگرانی.

سیپان ئامێدی نووسیویشییەتی، داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ئێستادا لە سنوری پارێزگای دهۆک دیاریکراوە کە بەرمیلێک نەوت بە ٩٠ هەزار دینار بدرێت بە هاوڵاتیانی ناو شار، لەکاتێکدا قائیمقامی دهۆک دەڵێت، ئەوان ئەو بڕە پارەیەیان دەستنیشان نەکردووە.

هـ.ئـ

No description available.













گەلەری