سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی زانیاری نوێ لەبارەی نرخی دۆلار ئاشکرادەکات

PM:05:39:11/01/2026

532 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، یەکەم یاسا کە حکومەتی نوێ بەنیازە بیخاتە بەردەم پەرلەمان، یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ـەیە. دەشڵێت، نرخی دۆلار بە ١٣٠ هەزار دینار دیاری کراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، مەزهەر محەمەد، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "رەشنووسی یاساکە ئامادەیە، بەڵام ئەوەی پێشکەشکردنی دواخستووە، گواستنەوەی حکومەتە بۆ رۆڵی كاربەڕێكەر، بۆیە پەرلەمان یاسای بودجە پەسەند دەکات، ئەمەش کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر کەرتی دارایی و خزمەتگوزاری وڵات".

دووپاتیشی کردەوە لە بودجەی داهاتوودا نرخی دۆلار بە ١٣٠ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلار دیاریکراوە، ئەمەش پەیامی سەقامگیری دراو و کارەکانی ئاڵوگۆڕی نەرم دەنێرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە یارمەتیدەر بووە بۆ روونکردنەوە بۆ هاوڵاتیان کە بانکی ناوەندی لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات و دەیەوێت رێگری لە هەر بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ بکات، ئەمەش وای لە بانکەکە کرد کە وەزارەتی دارایی ئاگاداربکاتەوە، کە نرخی ئاڵوگۆڕ وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ زیادکردنێکیش نابێت، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەوەی هەندێک لە هەوڵی پێشنیارکردندان.

پێشتر بانکی ناوەندی عێراق سەبارەت بە نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دۆلاری ئەمریکی، کە لە رەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٦، پەسەند دەکرێت، روونكردنەوەی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كردبوو.

بەپێی روونكردنەوەكەی بانكی ناوەندی، نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دراو، کە لە ساڵی ٢٠٢٦، پەسەند دەکرێت بە هەزار و ٣٠٠ دیناری عێراقی بۆ هەر دۆلارێکی ئەمریکییە.

ئەوەش هاتووە، ئەم رێژەیە لە شوباتی ٢٠٢٣ەوە کاری پێدەکرێت و دانانی ئەو رێژەیە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی بانکی ناوەندی عێراقەوە.

بانکی ناوەندی بە رێژەی هەزار و ٣٠٠ دینار بۆ دۆلارێك لە وەزارەتی دارایی دەکڕێت و بە رێژەی هەزار و ٣١٠ دینار بە بانکەکان دەیفرۆشێت، کە دواتر بە هەزار و ٣٢٠ دینار بە بازرگانان و بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی دەیفرۆشێت.













گەلەری