میوەی زستانیش هات
PM:09:49:08/01/2026
1164 جار خوێندراوەتەوە
رەحمان غەریب
+
-
خەندە و پێكەنینی سەر رووخساری وەفدی دانوستكارانی پارتی و یەكێتی بەردەوام
پێویستی بە چاودێری پزیشكی چڕە، بە تایبەتیش كاتێك شوێنی شەڕە سیاسییەكان دەگوازنەوە
بۆ بەغداد و لە ناو ئەم هەموو رووداوە ترسناك و جەنجاڵ و مەترسیدار و هەڕەشە و ئاڵەنگارییانەدا، میزاجی قسەی خۆشییان هەیە.
كەسێك شارەزایشی نەبێت لە زمانی جەستەدا، كاتێك وێنەكانی ئەمڕۆی كۆبوونەوەی
نێوان وەفدی یەكێتی و پارتی و گوزارشتەكانی روخساری هەردوو تیمەكە بەرانبەر بە یەكتر
شیبكاتەوە، دەبینێت لە بەخێرهاتنەوە تا خواحافیزی رووخۆش و بە كەیفن، پێدەكەنن و خەندە
رووخساری داگیركردوون، وێستگەنیوزیش دەڵێت: لە كۆبوونەوە "باش"ەكان بووە!
خۆی ئەگەر پێكەنین بۆ شاردنەوە شتێكی تر نەبێت، با هەبێت. بەڵام، بارودۆخەكە
نە رووخساری مۆن و نە رووخۆشی گەرەكە، پێویستی بە عەقڵێكی سیاسی كراوە و واقیعیانەیە
تا بە ووردی تەماشای ئایندەی هەرێمی كوردستان و ئەم هەموو مەترسییانە بكات كە رووی
تێكردووە و كە ترسی لە دۆست ئینجا لە دوژمنەكەی هەس.
مەبەستم ئەوەیە ئەم وەزعە بۆ كوردستانیان شڕە، لە هەموو لایەكەوە ناهەقی و
لە هەموو لایەكەوە گەمارۆدانە، جا ئەمە زەردەخەنەی سیاسی فریودەر چارەسەری ناكات،
پێویستی بە پرۆسەیەكە بۆ رێكخستنەوەی ماڵی كوردستانییە، ئینجا هەنگاو بۆ كاراكردنەوەی
دامەزراوە شەرعییەكان. ئەمە هەنگاوە راستەكەیە، نەك دەست بادان و هەوڵی ملكەچ كردن.
ئەمە بەو مانایە نایەت، كە ماڵەكەت رێكخست، یان ئەوەی لە میدیاكانتانەوە باسی یەكڕیزی دەكەن، لەبەر ئەم
رێكخستن و یەكڕیزییە، ئیتر هەڕەشەمان لەسەر نییە، نەخێر هەر ئەوەندەیە لانیكەم سەرقاڵ
نابن لێكدانەوەی ماتماتیكی بۆ كورسییەكانتان و پێشبڕكێ بۆ سەرخستنی كاندیدەكانتان
و شەڕی میدیا سێبەر و مێشی ئەلكترۆنی، بەڵكو دەرفەتێكتان دەبێت بۆ گوتارێكی سیاسی
كۆكەرەوە بۆ ماڵە لێكترازاوەكەی كوردایەتی.
پێكەوە دەركەوتن، لە كامێرای رەسمی و شاراوەی ناو بینای (میم سین)ی یەكێتی،
دەرتانخست كە بە قسەی خۆش و باوەشكردن بەیەكتری، دەستان پێكرد و كۆتایتان پێ هێنا،
لە تشرینی یەكەم ٢٠٢٤ هەڵبژاردن كراوە، ئەوە میوەی زستانی ٢٠٢٦ دەخۆن و پێدەكەنن،
ئێ دوای ئەوە؟