سەردێڕ:

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا

PM:09:08:09/01/2022

5636 جار خوێندراوەتەوە

پاش هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ حاکم زاملی لە فراکسیۆنی سەدر بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردرا.


ئەمڕۆ دانیشتنی خولی پەرلەمانیی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو و تیایدا بە دەنگی ٢٠٠ پەرلەمانتار، محەمەد حەلبوسی بۆ خولی دووەم وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە.

هاوکات، حاکم زاملی لە فراکسیۆنی سەدر لەکۆی ٢٢٧ پەرلەمانتاری بەشدار بوو ١٢٨ دەنگی بەدەستهێنا و بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردرا.

لە سەرەتای دانیشتنەکەدا گرژی دروستبوو و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی کاتی پەرلەمان بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.

پاش ئەوەی جارێکی دیکە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردەوە و خالید دەراجی دانیشتنەكەی وەک سەرۆکی کاتیی بەڕێوەبرد و لە یەکەم کاریشیدا هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بوو، کە محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە و کاندیدی بەرامبەری مەحمود مەشهەدانی بوو.

لە دەنگدانەکەدا ٢٢٨ لە کۆی ٣٣٢ پەرلەمانتار دەنگیان داوە و محەمەد حەلبوسی ٢٠٠ دەنگی بەدەستهێناوە و مەحمود مەشهەدانی ١٦ دەنگی بەدەستهێناوە و ١٤ دەنگیش پوچەڵ بووە.

لە دانیشتنەکەدا هەریەکە لە یەکێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی بەشدار نەبوون و دەنگیان نەدا.

دەبێت ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان ٥٠+١ی دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، واتە ١٦٥ دەنگ لە کۆی ٣٢٩ پەرلەمانتاری ئامادەبوو بەدەستبهێنێت. دواتر لەماوەی ١٥ رۆژدا دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆک کۆمار کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.

بەپێی یاسا دەبێت ئەو کەسەی سەرۆکایەتی کاتی پەرلەمان دەکات بەتەمەنترینی نێوان پەرلەمانتاران بێت.

هەر ئەمڕۆ ئەندامانی نوێی پەرلەمان کە ژمارەیان ٣٢٩ ئەندامە سوێندی یاسایی دەخۆن و دواتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و ھەردوو جێگرەکەی دەکرێتەوە.

شەوی رابردوو، هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم بڕیاریاندا کە محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کاندید بکەن، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی عەزم رەتیانکردووەتەوە بە بڕیارەکەوە پابەندبن و ویستیان مەحمود مەشهەدانی بۆ پۆستەکە کاندید بکەن. بەڵام لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا، گرژی کەوتە نێوان پەرلەمانتاران و بەهۆیەوە مەحمود مەشهەدانی لەهۆش خۆی چوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.

لەبارەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە پشکی کوردە، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و چەند کاندیدێک بوونیان هەیە، پارتی شاخەوان عەبدوڵای وەک کاندیدی خۆی دەستنیشانکردووە و موسەنا ئەمینیش خۆی بۆ هەمان پۆست کاندیدکردووە و سروە عەبدولواحیدیش وەکو کاندیدی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵکدا خۆی کاندید کرد.

تا ئێستا رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک و گرژییەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانیش هەر لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا بوو. محەمەد سەهیود سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا دەڵێت، چەند سیناریۆیەک لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتدا هەیە.

تا ئێستا بەهێزترین کاندیدی شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمییە، ئەگەر سەدرییەکان نەیانتوانی زۆرینەی پەرلەمانی دروستبکەن چوارچێوەی هەماهەنگی چەند کەسێکی دیکە بۆ پۆستەکە کاندید دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتیی لەسەر ناوێک بۆ وەرگرتنی سەرۆک کۆمار رێکنەکەوتوون، بەپێی وتەی چاوگێک پارتی کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی بە تەواوی رەتدەکاتەوە و لە ئێستادا ناوی عیماد ئەحمەد وەکو کاندیدی جێگرەوە دێت، لە حاڵەتی رێکنەکەوتنیشدا پارتی هۆشیار زێباری وەک کاندیدی حزبەکەی کاندید دەکات.

هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی ٥٠+١ی پەرلەمانتارانە، دواتر دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆک کۆمار کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرێت، گەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لە ماوەی یاساییدا، رێککەوتن لەسەر سەرۆک کۆمار و سەرۆک حکومەت نەکرێت گرفتی یاسایی دروست دەبێت، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان.

بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە.

لە دوای ئەوەش، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ کورسی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری ١٧ کورسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان بەدەستهێناوە.

لە ناو هێزە کوردییەکانیشدا، پارتی بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی، یەکێتیی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی ١٨ کورسییان بەدەستهێناوە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ جوڵانەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆدا ١٤ی كانونی یەكەمی ٢٠٢١ دا، هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک"یان بەسەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید پێکهێنا، کە خاوەنی ٢٨ کورسی پەرلەمانییە.













گەلەری