سەردێڕ:

تۆم باراك: په‌یامی تره‌مپم گه‌یانده‌ ئه‌حمه‌د شه‌رع؛ دەبێت مافی کورد پارێزراو بێت

PM:07:21:10/01/2026

1356 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی سەرۆكی ئەمریکا لە سوریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع و بەرپرسانی سوریا کۆبووەوە و رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆک ترەمپ لەبارەی دوایین ئاڵۆزییەکانی حەلەب کۆبووینەوە و داوامانکرد هەموو لایەک شەڕ رابگرن و حکومەتی سوریا بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەسەدە دەشڵێت، "هەسەدە رۆڵی یەكلاكەرەوەی بینیوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئەمریكا ئامادەیە بۆ ئاسانکاری لە پەیوەندییەکی بنیاتنەر لە نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە".


ئەمڕۆ شەممە ١٠ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، تۆم باراک، لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاویكردەوە، "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیۆ، لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و ئەندامانی تیمەکەیان لە دیمەشق کۆبوومەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەب و رێڕەوی فراوانتر بۆ گواستنەوەی مێژویی سوریا".

ئاماژەی بەوەشكرد، ترەمپ ئەم ساتە وەکو دەرفەتێکی بنەڕەتی بۆ سوریایەکی نوێ دەبینێت كە "نەتەوەیەکی یەکگرتوو کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان، لەوانە عەرەب، کورد، دروز، مەسیحی، عەلەوی، تورکمان، ئاشووری و ئەوانی دیکە، بە رێز و شکۆوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت" و دەرفەتی بەشدارییەکی ماناداریان لە دامەزراوەکانی حکومەت و ئاسایشدا پێبدرێت.

نێردەکەی ترەمپ دەشڵێت، وەک دانپێدانانێک بەم دەرفەتە، ئەو رەزامەندی لەسەر هەڵگرتنی سزاکان دا بۆ ئەوەی "دەرفەتێک بە سوریا بدات" بەرەو پێشەوە بچێت، هەروەها حکومەتی ئەمریكا پێشوازی لە گواستنەوەی مێژوویی سوریا دەکات و پاڵپشتی خۆی بۆ حکومەتی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئشەرع دووپاتدەکاتەوە لەکاتێکدا کار بۆ سەقامگیرکردنی وڵات، بنیاتنانەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکان و هێنانەدی هیواکانی هەموو سورییەکان بۆ ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، "ویلایەتە یەکگرتووەکان مێژوویەکی درێژی هەیە لە پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ تێکشکاندنی داعش و پەرەپێدانی سەقامگیری لە سوریا، لەنێویاندا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی(OIR) و هاوبەشیمان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کە قوربانییەکانیان دەورێکی کاریگەریان هەبوە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی بەردەوام دژی تیرۆر".













گەلەری