سەردێڕ:

بۆچی لە پەرلەماندا گرژی روویدا؟

PM:07:25:09/01/2022

7576 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی گرژی و دەمەقاڵێ لە نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و رەوتی سەدر، سەرۆکی کاتی پەرلەمانی ناچارکرد دانیشتنەکە بە مەبەستی گفتوگۆکردن بۆ ماوەیەک ھەڵپەسێرێت.


لە میانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، چوارچێوەی ھەماھەنگی هێزە شیعەکان داواکارییەکیان پێشکەشی سەرۆکی کاتی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی بە "گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان" دیاریبکرێن و دروستکردنی حکومەتیان پێ رابسپێردرێت.

بەپێی زانیارییەکان، لەو داواکارییەی کە ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی چوارچێوەی ھەماھەنگی، پێشکەشی مەحمود مەشھەدانی سەرۆکی کاتی پەرلەمان کردووە، ئاماژە بەوەکردووە، کە فراکسیۆنەکەیان لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی پەرلەمان ٨٨ پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت.

چوارچێوەی ھەماھەنگی، لە ھەریەک لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانی نەسڕ، ھاوپەیمانی فەتح، بزوتنەوەی عەتا و حزبی فەزیلە لەخۆدەگرێت.

پێشکەشکردنی ئەو داواکارییە، گرژی و دەمەقاڵێی لە نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و سەدرییەکاندا دروستکرد.

رەوتی سەدر خۆیان بە گەورەترین فراکسیۆن دادەنێن و بۆ ئەم مەبەستەش بەبێ ئەوەی ژمارەی پەرلەمانتارەکانیان رابگەیەنن داواکارییەکەیان پێشکەشی سەرۆکی کاتی پەرلەمان کرد.

لە ئەنجامی ئەم گرژی و ئاڵۆزییەدا، سەرۆکی کاتی پەرلەمان دانیشتنەکەی بە مەبەستی گفتوگۆکردن بۆ ماوەیەک ھەڵپەسارد و بۆ ماوەیەک بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.

پاش ئەوەش جارێکی دیکە دانیشتنەکە دەستیپێکردەوە و خالید دەراجی دانیشتنەكە بەڕێوەدەبات و هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت لە ئێستادا.













گەلەری