پاش ئەوەی لە پەرلەمانی عێراقدا گرژی دروستبوو و چەند پەرلەمانتارێک چوونە سەر سەکۆی سەرۆکایەتی پەرلەمان سەرۆکی کاتی پەرلەمانی عێراق لە هۆش خۆی چوو و بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دانیشتنی خولی پەرلەمانیی پێنجەمی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە دانیشتنەکەدا بەهۆی دروستبوونی گرژییەوە لەنێوان پەرلەمانتارانی سەر بە رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی کاتی پەرلەمانی عێراق لە هۆش خۆی چوو و بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.
لە
ئێستادا دوو کەسی دیکە وەک جێگرەوەی مەشهەدانی بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنی پەرلەمان و
سەرۆکی کاتی کاندید کراون، کەبەپێی یاسا دەبێت بەتەمەنترینی نێوان پەرلەمانتاران
بێت، بەڵام رەتیان کردووەتەوە دانیشتنەکە بەڕێوە ببەن.
مەحمود
داود سەلمان مەشهەدانی، لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٨ـە لە شاری بەغدا، خوێندنی سەرەتایی و
دواناوەندی و ئامادەیی هەر لە شاری بەغدا تەواوکردووە، لە پاش ئامادەیی پزیشکی گشتی
تەواو کردووە بە پلەی مولازمی یەکەم لە ساڵی ١٩٧٢دا، پێش ئەوەی بچێتە ناو سیاسەتەوە،
نۆرینگەی تایبەت بە خۆی هەبووە لە شاری بەغدا.
سەرۆکایەتی
نووسینگەی سیاسی ریکخراوی "الدعوة و الإرشاد"ی کردووە؛ پاش روخانی رژێمی
سەدام و وەکو ئەندامی لیژنەی داڕشتنەوەی دەستور هەڵبژێردراوە لە ساڵی ٢٠٠٤دا.
سەرۆکایەتی
ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٩، هەروەها وەکو سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانی
عەرەبی هەڵبژێردراوە لە ساڵی ٢٠٠٨دا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دانیشتنی خولی پەرلەمانیی پێنجەمی عێراق
بەڕێوەدەچێت؛ کە لە میانەیدا ئەندامانی نوێی پەرلەمان کە ژمارەیان ٣٢٩ ئەندامە سوێندی
یاسایی دەخۆن و دواتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و ھەردوو جێگرەکەی
دەکرێتەوە.
شەوی رابردوو، هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم بڕیاریاندا کە
محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کاندید بکەن، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی
عەزم رەتیانکردووەتەوە بە بڕیارەکەوە پابەندبن و دەیانەوێت مەحمود مەشهەدانی بۆ پۆستەکە
کاندیدبکەن.بەڵام لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا، گرژی کەوتە نێوان پەرلەمانتاران و بەهۆیەوە مەحمود
مەشهەدانی لەهۆش خۆی چوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
لەبارەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە پشکی کوردە،
هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و چەند کاندیدێک بوونیان هەیە، پارتی شاخەوان عەبدوڵای وەک
کاندیدی خۆی دەستنیشانکردووە و موسەنا ئەمینیش خۆی بۆ هەمان پۆست کاندیدکردووە و
سروە عەبدولواحیدیش وەکو کاندیدی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵکدا خۆی کاندید کرد.
تا ئێستا رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتوونەتە
هیچ رێککەوتنێک و گرژییەکەی ئەمڕۆی پرلەمانیش هەر لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا بوو. محەمەد
سەهیود سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا دەڵێت، چەند سیناریۆیەک لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتدا
هەیە.
تا ئێستا بەهێزترین کاندیدی شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی
عێراق مستەفا کازمییە، ئەگەر سەدرییەکان نەیانتوانی زۆرینەی پەرلەمانی دروستبکەن
چوارچێوەی هەماهەنگی چەند کەسێکی دیکە بۆ پۆستەکە کاندید دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتیی لەسەر
ناوێک بۆ وەرگرتنی سەرۆک کۆمار رێکنەکەوتوون، بەپێی وتەی چاوگێک پارتی کاندیدکردنەوەی
بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی بە تەواوی رەتدەکاتەوە و لە ئێستادا ناوی عیماد ئەحمەد
وەکو کاندیدی جێگرەوە دێت، لە حاڵەتی رێکنەکەوتنیشدا پارتی هۆشیار زێباری وەک کاندیدی
حزبەکەی کاندید دەکات.
هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی
٥٠+١ی پەرلەمانتارانە، دواتر دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆک کۆمار کەسێک
بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرێت، گەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، سەرۆکایەتی
پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لە ماوەی یاساییدا، رێککەوتن لەسەر سەرۆک کۆمار و سەرۆک
حکومەت نەکرێت گرفتی یاسایی دروست دەبێت، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەگەری
دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان.
بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی
رابردوو، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووەتە
براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە.
لە دوای ئەوەش، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد
حەلبوسی ٣٧ کورسی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی،
هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری ١٧ کورسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی
خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان بەدەستهێناوە.
لە ناو هێزە کوردییەکانیشدا، پارتی بە سەرۆکایەتی مەسعود
بارزانی ٣١ کورسی، یەکێتیی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی ١٨ کورسییان بەدەستهێناوە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ جوڵانەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی
سەربەخۆدا ١٤ی كانونی یەكەمی ٢٠٢١ دا، هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک"یان بەسەرۆکایەتی
شاسوار عەبدولواحید پێکهێنا، کە خاوەنی ٢٨ کورسی پەرلەمانییە.