PM:10:21:10/01/2026
940 جار خوێندراوەتەوە
بڕیارە سبەی یەکشەممە، پەرلەمانی عیراق دانیشتنی چوارەمی خۆی ئەنجامبدات، تەوەرە سەرەکییەکەی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە، بەدواداچوون بۆ داهاتە نانەوتییەکان و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لەو بارەیەوە.
ئەمڕۆ شەممە ١٠ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بەگوێرەی کارنامەی فەرمیی پەرلەمانی عێراق، دانیشتنەکە کاتژمێر ١١ـی بەیانی دەستپێدەکات، بڕگەی سەرەکی کۆبوونەوەکە تەرخانکراوە بۆ تەواوکردنی گفتوگۆ گشتییەکان دەربارەی سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی لە عێراق.
بۆ ئەم مەبەستەش، هەر سێ بەرپرسی باڵای حکومەت کە بریتین لە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی باجەکان، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی گومرگ ئامادەی دانیشتنەکە دەبن.
ئامانج لە میوانداریکردنی ئەم بەرپرسانە، خستنەڕووی داتا و زانیارییەکانە دەربارەی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ و دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ زیادکردنی سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت لە دەرەوەی کەرتی نەوت.