سەردێڕ:

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد

PM:03:38:09/01/2022

3516 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی چەند جارێک دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق دواخرا لە ئێستادا دانیشتنەکە دەستیپێکرد.


ئەمڕۆ یەکشەممە، دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت کە لە میانەیدا ئەندامانی نوێی پەرلەمان کە ژمارەیان ٣٢٩ ئەندامە سوێندی یاسایی دەخۆن و دواتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و ھەردوو جێگرەکەی دەکرێتەوە.

شەوی رابردوو، هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم بڕیاریاندا کە محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کاندید بکەن، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی عەزم رەتیانکردووەتەوە بە بڕیارەکەوە پابەندبن و دەیانەوێت مەحمود مەشهەدانی بۆ پۆستەکە کاندیدبکەن.

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان پشکی شیعەیە و رەوتی سەدر کاندیدی بۆ پۆستەکە دەبێت.

لەبارەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە پشکی کوردە، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و چەند کاندیدێک بوونیان هەیە، پارتی شاخەوان عەبدوڵای وەک کاندیدی خۆی دەستنیشانکردووە و موسەنا ئەمینیش خۆی بۆ هەمان پۆست کاندیدکردووە و سروە عەبدولواحیدیش وەکو کاندیدی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵکدا خۆی کاندید دەکات.

تا ئێستا رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک و محەمەد سەهیود سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا دەڵێت، چەند سیناریۆیەک لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتدا هەیە.

تا ئێستا بەهێزترین کاندیدی شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمییە، ئەگەر سەدرییەکان نەیانتوانی زۆرینەی پەرلەمانی دروستبکەن چوارچێوەی هەماهەنگی چەند کەسێکی دیکە بۆ پۆستەکە کاندید دەکات.

پارتی و یەکێتیی تاوەکو لەسەر ناوێک بۆ وەرگرتنی سەرۆک کۆمار رێکنەکەوتون، بەپێی وتەی چاوگێک پارتی کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی بە تەواوی رەتدەکاتەوە و لە ئێستادا ناوی عیماد ئەحمەد وەکو کاندیدی جێگرەوە دێت، لە حاڵەتی رێکنەکەوتنیشدا پارتی هۆشیار زێباری وەک کاندیدی حزبەکەی کاندید دەکات.

هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی ٥٠+١ی پەرلەمانتارانە، دواتر دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆک کۆمار کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرێت، گەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لە ماوەی یاساییدا، رێککەوتن لەسەر سەرۆک کۆمار و سەرۆک حکومەت نەکرێت گرفتی یاسایی دروست دەبێت، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان.

بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە.

لە دوای ئەوەیش، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ کورسی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری ١٧ کورسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان بەدەستهێناوە.

لە ناو هێزە کوردییەکانیشدا، پارتی بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی، یەکێتیی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی ١٨ کورسییان بەدەستهێناوە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ جوڵانەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆدا ١٤ی كانونی یەكەمی ٢٠٢١ دا، هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک"یان بەسەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید پێکهێنا، کە خاوەنی ٢٨ کورسی پەرلەمانییە.

 













گەلەری