سەردێڕ:

سروە عەبدولواحید کاندیدی جێگری سەرۆکی پەرلەمانە

PM:01:05:09/01/2022

6044 جار خوێندراوەتەوە

سروە عەبدولواحید وەک کاندیدی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیاریکرا.


گفتوگۆکان بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و بەوهۆیەوە و لەسەر داوای بەشێک لە پەرلەمانتاران دانیشتنەکە بۆ کاتژمێر سێ دواخرا.

سروە عەبدولواحید وەک تاکە ژن لە نێو هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا کاندیدە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی دووەمی سەرۆکی پەرلەمان وەک کاندیدی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک، کە لە ٢٨ پەرلەمانتار پێکهاتووە و لە هەردوو جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ پێکهاتووە.

بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەریەک لە شاخەوان عەبدوڵا لە پارتی و موسەنا ئەمین لە یەکگرتوو خۆیان کاندیدکردووە.

شەوی رابردوو، هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم بڕیاریاندا کە محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کاندید بکەن، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی عەزم رەتیانکردووەتەوە بە بڕیارەکەوە پابەندبن و دەیانەوێت مەحمود مەشهەدانی بۆ پۆستەکە کاندیدبکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئێستادا محەمەد حەلبوسی و مەحمود مەشهەدانی لە کۆبوونەوەدان و سونەکان دەیانەوێت تەنیا بە یەک کاندیدەوە بچنە هۆڵی پەرلەمانەوە.

رەوتی سەدر لەبارەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە بڕیاریداوە و حاکم زاملی سەرکردە لە رەوتی سەدر کاندید دەبێت بۆ ئەو پۆستە، دەوڵەتی یاساش کاندیدێکی بۆ هەمان پۆست دەبێت.













گەلەری