سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی گەیشتنی کاروانێکی نوێی ڤاکسینی کۆرۆنای راگەیاند

PM:11:21:02/01/2022

2500 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، کاروانێکی نوێی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتووەتە عێراق و ئاشکرایکرد، بڕەکەی یەک ملیۆن ژەمە ڤاکسین بووە و دروستکراوی کۆمپانیای ڤایزەری ئەمریکییە.


لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، شەوی رابردوو کۆمپانیای گشتی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان کاروانێکی نوێی ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنای بەدەست گەیشتووە کە بڕەکەی یەک ملیۆن ژەمە.

کۆمپانیای گشتی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان پشتراستی کردەوە کاروانەکە دابەشکراوە بەسەر چەندین بارهەڵگری ساردکەرەوەدا و لە هەمان کاتدا نێردراوە بۆ تەواوی بنکەکانی ڤاکسین وەرگرتن لە پارێزگاکانی عێراق و لەناویشیاندا هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ٢٤ی ئەم مانگە، تيدرۆس ئەدهانۆم سەرۆکی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە پەیامێكدا بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ساڵی ٢٠٢١ـەوە باسی لەوەکرد، هەرچەندە هیچ وڵاتێک تا ئێستا بە تەواوی كۆڤید-١٩ی تێنەپەڕاندووە، بەڵام زۆر ئامڕاز بەردەستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە.

باسی لەوەشکرد، تا ئێستا هەشت ملیار و نیو ڤاكسین دابەشكراوە، چەندین چارەسەری نوێش پەرەیپێدراوە كە رێژەی مردن كەم دەكەنەوە.

تيدرۆس ئەدهانۆم ئاماژەی بەوەشکرد، راستە پێ دەنێنە ساڵی سێیەمی كۆرۆنا، بەڵام ئەو دڵنیایە ئەمساڵ كۆتایی بەو مەترسیە دێت، ئەگەر هەموو جیهان بەیەكەوە كار بكەن.













گەلەری