PM:10:58:29/12/2025
26264 جار خوێندراوەتەوە
پارێزگای كەركووك بڕیاریدا دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بۆ ماوەی دوو رۆژ رابگرێت، هۆکارەکەشی بۆ دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفڕ دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە راگەیەندراوێکی پارێزگای كەركووكدا هاتووە، بڕیار دراوە بە راگرتنی دەوامی فەرمی بۆ رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە سەرجەم باخچەکانی منداڵان، قوتابخانە سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەییەکان لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا.
لەبارەی هۆکارەکەشییەوە ئاماژە بەوەکراوە، بڕیارەکە بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ خوار سفڕی سیلیزی و بەردەوامیی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی كەشوهەواوە دراوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی دەستەی کەشناسی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی كەركووك، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی قوتابیان.
هاوکات پارێزگای كەركووك دووپاتی کردووەتەوە، پشووەکە تەنیا ناوەندەکانی خوێندن دەگرێتەوە و دەوامی فەرمی لە فەرمانگە حكوومییەكاندا وەک ئاسایی بەردەوام دەبێت.