له ویلایه‌تی كۆلۆرادۆ ناوەڕاستی ئه‌مریكا، گه‌وره‌ترین ئاگری مێژووی ناوچه‌كه كه نزیكه‌ی دوو هه‌زار و ٥٠٠ هێكتار زه‌وی گرته‌وه لە ئەنجامی به‌فربارین كوژایه‌وه.
ئاگره‌كه كه به‌یانی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو له ناوچه‌ی بۆڵده‌ر كۆونتی ویلایه‌ته‌كه كه‌وته‌وه و له ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌هۆی رەشەباوە كه خێرایهكهی ده‌گه‌یشته ١٦٩ كیلۆمه‌تر له كاتژمێرێكدا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند.
بەپێی میدیاکانی ناوچەکە؛ ئاگرەکە بەهۆی زوو
تەشەنەسەندنی بووه جێگه‌ی مه‌ترسیی له‌سه‌ر ناوچه‌كانی نیشته‌جێ بوون و بووه گه‌وره‌ترین
ئاگر له مێژووی ویلایه‌ته‌كه‌دا له شاره‌كانی لویسڤیل و سوپێریۆر، کە بەهۆیەوە نزیكه‌ی
٣٤ هه‌زار كه‌س ناچاربوون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
له كاتێكدا به‌رپرسانی ناوچه‌كه باس له‌وه ده‌كه‌ن،
به‌هۆی ئاگره‌كه‌وه شه‌ش كه‌س كه یه‌كێكیان كارمه‌ندی ئاگركوژێنه‌وه‌یه برینداربوون
و سێ كه‌سیش بێ سه‌روشوێنن، ئاماژه به‌وه‌یش ده‌كه‌ن كه به‌هۆی كاریگه‌ری به‌فربارینەوە
ئاگره‌كه كوژاوه‌ته‌وه.
ئاگره‌كه نزیكه‌ی دوو هه‌زار و ٥٠٠ هێكتار زه‌وی گرتووەتەوە
و به‌هۆیه‌وه هه‌زار خانوو زیانیان به‌ركه‌وتووه و هۆتێلێك و مۆڵێكی بازرگانی سوتاون.
باس له‌وه‌ش ده‌كرێت، به‌شێكی ئه‌و ئاگره‌ی ناوچه‌كانی
نیشته‌جێبوونی گرتووه‌ته‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌وتنی ستوونه‌كانی كاره‌با به‌هۆی
بەهێزی بایەکەوە.
زانایان باس له‌وه ده‌كه‌ن، وشكه‌ساڵی توند و رەشەبا كه
ره‌نگدانه‌وه‌ی گۆڕانی ئاو و هه‌وان هه‌ڵمه‌ته‌كانی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌یان سه‌خت
كردووە، بەڵام بەفر بارین توانیویەتی ئاگرەکە بکوژێنێتەوە.