وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵای کوەیت رایگەیاند، بەهۆی خراپی کەش و هەوا لە وڵاتەکە و بارانی بەخوڕەوە، خوێندن لە وڵاتەکەدا راگیراوە و تاقیکردنەوەکانیش دوادەخرێت.
عەلی ئەلموزیف وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵای کوەیت رایگەیاند، دەوامی فەرمی قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان، بەهۆی دۆخی نالەبەری کەش و هەواوە دادەخرێت و تاقیکردنەوەکانیش کە بڕیاربوو رۆژی دووشەممە ئەنجامبدرێن، دوادەخرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەوامی فەرمی لە زانکۆی کوەیت و سەرجەم
زانکۆ ناحکومییەکانیشدا رادەگیرێن.
دەشڵێت، بەڵام دەستەی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە و زانکۆکان
دەبێت دەوامی فەرمی خۆیان بکەن، تاوەکو دووبارە بەرنامەرێژی بکەن بۆ دیاریکردنی
کاتی تاقیکردنەوەکان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەیەکە کەش و هەوای بەشێکی وڵاتانی جیهان گۆڕانکاری
بەسەردا هاتووە و بەشێک لەو ناوچانەی بە سروشی خۆیان گەرمن، شەپۆلی سەرما و باران
رووی تێکردوون، ماوەی چەند رۆژێکیشە شەپۆلێکی سەرما رووی لە سعودیە کردووە و دوێنێ
چیای لەوزی ناوچەی تەبووک بەھۆی بەفربارینەوە بە تەواوی سپی پۆشی و ئەوەش بووەتە جێگەی
سەرنجی خەڵک، بەھۆی ئەوەی یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرینەی کاتەکان کەشێکی گەرمتری ھەیە
بەراورد بە ناوچەکانی دیکە.