فیدراسیۆنی جیهانی رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٤٥ رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهان کوژراون.
فیدراسیۆنی جیهانی رۆژنامەنووسان راشیگەیاندووە، ئەو ژمارەیە بە بەراود بە ساڵانی رابردوو کەمترە.
ئەوەش هاتووە، "کەمبوونەوەی ژمارەی کوژرانی رۆژنامەنووسان
دڵخۆشییەک دەبەخشێت، بەڵام ئەو دڵخۆشییە نییە لە ئاست ئەو توندوتیژییە بەردەوامانەی
بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە جیهاندا دەکرێت."
ئەفغانستان لە پێشەنگی وڵاتانی جیهاندایە لە کوژرانی رۆژنامەنووسان،
کە لە ساڵی ٢٠٢١دا نۆ رۆژنامەنووس کوژراوان، مەکسیک لە پلەی دووەمدایە و هەشت رۆژنامەنووس
لەو ساڵەدا کوژراون، دوای ئەوەش هیندستان دێت کە چوار رۆژنامەنووس کوژراون.
فیدڕاسیۆنەکە راشیگەیاندووە، زۆربەی ئەو راگەیاندکارانە
بەهۆی ئاشکراکردنی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەو وڵاتانەدا کوژراون.
ئەنتۆنی بیلانگەر سکرتێری فیدراسیۆنی جیهانی
رۆژنامەنووسان باسی لەوەشکردووە، ئەوان پشتگیری لە رێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان
دەکەن لەسەر پاراستنی رۆژنامەنووسان و بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان.
زیاتر لە ساڵێکیشە لە هەرێم، ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووسی
بادینان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە بە چەند تۆمەتێک دەستگیرکراون، دواتریش
دادگای هەولێر بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ پێنج لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد،
سەرباری رەخنەکانیش لە بڕیارەکە، بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکەی پەسەندکرد.