سەردێڕ:

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان: لە حکومەتی هەرێمدا دەمێنینەوە

PM:01:23:02/01/2022

3428 جار خوێندراوەتەوە

بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، مانەوەیان لە حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت و هەر کاتێکیش بڕیاری کشانەوە لە حکومەت درا تیمەکانیان پێوەی پابەند دەبن.


بزوتنەوەی گۆڕان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دەرکەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەکان لە بەشێک لە کۆڕ و کۆبونەوە حزبی و جەماوەرییەکان و بە تایبەت لە سۆشیاڵ میدیا و ناوەندە میدیاییەکاندا قسە و باسێکی زۆر لەسەر هۆکار و ئەنجامە چاوەڕوانکراو و نەکراوەکان کراو لەم چوارچێوەیەدا مەبەست و بێ مەبەست رووی قسە و رەخنەکان لە سەرکردایەتی بزوتنەوەکە (خانە و جڤاتەکان) و تیمیەکانی حکومەت (هەرێم، خۆجێی)یە.

راشیگەیاندووە، "بێگومان چەندین هۆکاری بابەتی و خودی لە پشت ئەم ئەنجامە خراپەوە بوون"، دەشڵێت، "ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لە هەوڵی دیاریکردن و هەڵبژاردنی دەستەیەکی کاتیدایە بۆ سەرکردایەتی کردنی بزوتنەوەکە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەبارەت بە تیمەکانمان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێیەکان، جەخت لەوە دەکەینەوە کە تا ئەو کاتەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگاتە دوا بڕیاری سیاسی بۆ مانەوە لە حکومەتدا یان کشانەوە، نوێنەرانی گۆڕان لە حکومەتدا نوێنەرایەتی گۆڕان دەکەن و ئەرکی فەرمی بەڕێوەدەبەن، هەر کاتێکیش بڕیاری کشانەوە لە حکومەت درا ئەوا تیمەکانمان پێوەی پابەند دەبن."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بزوتنەوەی گۆڕان وەکو یەکێک لە هێزە کوردییەکان بەشداریکرد، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەست بهێنێت.













گەلەری