سەردێڕ:

بەهۆی کەشوهەواوە دەوامی قوتابخانەکان کەمکرایەوە

PM:05:52:03/01/2026

688 جار خوێندراوەتەوە

لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی قوتابییان و بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی، پەروەردەی شارەزوور بڕیاریدا کاتی دەستپێکردنی دەوامی بەیانیان بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنوورەکە دوابخات.


ئەمڕۆ شەممە ٣ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەزوور بڵاویکردەوە، دوای راوێژکردن لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و قائیمقامی شارەزوور، بڕیاردرا رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو، دەوامی بەیانیان لە بری کاتژمێر هەشتی لە کاتژمێر نۆی بەیانی دەست پێبکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم بڕیارە تەنیا دەوامی بەیانیان دەگرێتەوە و دەوامی پاشنیوەڕۆیان وەک خۆی بەردەوام دەبێت و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ناکرێت.

ئەم رێکارە وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی قوتابییان و مامۆستایان لە سەرمای توندی بەیانیانی زوو و مەترسییەکانی بەستەڵەک پارێزراو بن.

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە هیوای خواستووە ئەم بڕیارە ببێتە مایەی پاراستنی تەندروستی گشتی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی ناوەندەکانی خوێندن.













گەلەری