سەردێڕ:

دەستەی گەشتوگوزار ئاماری گەشتیارانی سەری ساڵی بڵاوکردەوە

AM:10:46:02/01/2022

4236 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێم رایگەیاند، بە بۆنەی ھاتنی سەری ساڵی ٢٠٢٢ـەوە نزیکەی ١٤٧ ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان.


ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێم لە راگەیەنراوێکیدا ئاماری ئەو گەشتیارانەی بڵاوکردەوە، بۆ بەشداریکردن لە پێشوازی سەری ساڵی ٢٠٢٢ ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستانەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، بۆ بەشداریکردن لە پێشوازی سەری ساڵی ٢٠٢٢ و گەش کردن بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێم و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، لە ماوەی حەوت رۆژ، واتە لە ٢٥ ی ١٢ تاکو ٣١ی ١٢ی ٢٠٢١ نزیکەی ١٤٧ ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەو ژمارەیە ٧٦ ھەزار و ٥٥٠ گەشتیار ھاتوونەتە پارێزگای ھەولێر و ٣١ ھەزار و ٦١٤ گەشتیار ھاتوونەتە پارێزگای سلێمانی.

ھەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێم، ٣٨ ھەزار و ٧٣٤ گەشتیار ھاتوونەتە پارێزگای دھۆک و بەمەش سەرجەم ئەو گەشتیارانەی لە پێشوازی سەری ساڵی ٢٠٢٢ ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستانەوە ١٤٦ ھەزار و ٨٩٨ گەشتیاربوون.

ساڵانە لە بۆنە و یادە گشتی و جیھانییەکاندا ژمارەیەک گەشتیاری ناوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن بە مەبەستی بەسەر بردنی کاتێکی خۆش.













گەلەری