سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ لیژنەی باڵای چاکسازی باج کۆبووەوە و کۆمەڵێک بڕیار بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی لە عێراق درا، كە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ـی شوباتی ٢٠٢٦، بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیران، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای چاکسازیی باجی کرد بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی باج، ستافی باڵای دەستەکە و ژمارەیەک لە راوێژکارانی ئابووری و دارایی سەرۆک وەزیران.
ئاماژەی بەوەشكرد،
"لە کۆبوونەوەکەدا باسی میکانیزمی یەکخستنی رێکارەکانی ژمێریاریی باج و ئەو
ئاستەنگانە کرا کە دێنە بەردەم کۆمپانیاکان، هەروەها بە وردی گفتوگۆ لەسەر یاسای
ژمێریاریی باج کرا کە بەشێکە لە بەرنامەی چاکسازیی حکومەت".
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو
بە پرسی یەکخستنی رێکاری باج لەنێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان،
لەگەڵ پرسی "باجی دوولایەنە"ی ناوخۆیی و دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و
کاریگەر بۆ بنبڕکردنی ئەو کێشەیە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە
سودانی لە میانەی كۆبوونەوەكەیدا چەند فەرمانێکی دەرکرد، لەوانە:
یەکەم: ئامادەکردنی
پێشنیازەبڕیارێک بۆ ئەنجومەنی وەزیران کە تێیدا چارەسەری هەمو ئەو ئاستەنگە باجییانە
بکرێت کە لە بەردەم کەرتی تایبەت و کۆمپانیا عێراقییەکاندان، تاوەکو ئەو کاتەی یاسای
بودجەی ساڵی ٢٠٢٦، پەسند دەکرێت.
دووەم: پێکهێنانی
لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی و دەستەی باج بۆ پەیوەندیکردن و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی
باج لە هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی گەیشتن بە قۆناخێکی پێشکەوتوو لە یەکخستنی رێکارەکانی
باج لەنێوان هەردوولادا.