سەردێڕ:

مامۆستایان و فەرمانبەران هەڕەشەی بایکۆت دەکەن و هۆشداری دەدەن

PM:07:59:03/02/2026

956 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، داواكارییەكی پێنج خاڵی ئاراستەی بەرپرسانی هەرێم دەكەن بۆ جێبەجێكردنیان و هۆشداریش لە دواكەوتن و نەدانی مووچەكانیان دەدەن، "هاوکات داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەكات ئامادەبن بۆ هەڵویستی توند و سەرتاسەریی دژی دواکەوتنی مووچە".


ئەمڕۆ سێشەممە ٣ـی شوباتی ٢٠٢٦، ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمشەو لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، زیاتر لە ١٠ ساڵە بەهۆی بڕیار و سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، لە دۆخێکی دارایی و ئابوریی سەختدا دەژین، بەڵام دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی و رێککەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم و بەغدا؛ ئومێدێک هەبوو کێشەکان بەرەوچارەسەر بچن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەداخەوە بەهۆی بێباکی و خەمساردی دەسەڵاتدارانی "شکستخواردوی هەرێم"، کێشەکانی دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچە، نەک درێژەیان هەیە و تا ئێستا چارەنەکراون، بگرە زیاتر و قوڵتر بوونەتەوە.

بەگوێرەی رایگەیەندراوەكە، ئومێدەواربوین دوای ئەو کۆدەنگییە نەتەوەییەی بۆ پرسی رۆژاڤا دروستبوو؛ پاش ئەوەی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و تاراوگە، ئەرکی نەتەوەیی خۆیان زۆر بەباشی جێبەجێکرد، دەسەڵاتدارانی هەرێم، بە خۆیاندا بچنەوە.

دەشڵێت، "وەك دەبینین دەسەڵاتداران تا بێت بێباکتر دەبن و لە ئەفراندن و دابەستەکردنی تەواوی قەیران و کێشەکان و نەدان و دزینی مووچەدا، خەنیی و شاگەشکەن، کە هیچ جەلادێک لە مێژو و ئێستادا ناتوانێت شان لە شانیان بدات".

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەشڵێن، ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا بخەینەڕوو:

یەکەم: پشتیوانی هەموو هەڵوێستێکی مامۆستایان دەکەین؛ لەپێناو رەتکردنەوەی سیاسەتی برسیکردن و دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچە.

دووەم: پێویستە بەزوترین کات، بڕیاری بەناو وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ راگرتنی مووچەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی (هەژماری من)ی دەسەڵاتدارانیان پڕنەکردووەتەوە هەڵبووەشێتەوە.

سێیەم: پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی شارستانیی دەستپێبکاتەوە؛ کە بە نایاسایی و نائەخلاقیی چەندین ساڵە راگیراوە.

چوارەم: چارەنووسی مووچەی مانگەکانی (١١ و ١٢)ـی ساڵی ڕابردو یەکلایی بکرێتەوە، کە دەسەڵاتی ماوەبەسەرچوو تاوانباری یەکەمە لە دیزەبەدەرخۆنەکردنی.

پێنجەم: بەهەمیشەییکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە تەواوی دامودەزگا حکومییەکاندا.

ئەنجومەنەكە لە كۆتاییدا دەشڵێت، "داواکارین مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتییان، لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانمان؛ ساز و ئامادەبن بۆ هەڵویستی توند و سەرتاسەریی دژی دواکەوتن و دزینی مووچەکانمان؛ دڵنیابن چۆن لە ئاستی (کەزی-بڕین) بێدەنگ نەبووین؛ لەئاست مووچەبڕینیش بێدەنگ نابین".













گەلەری