کینە ئەم؟
PM:04:41:01/02/2026
2076 جار خوێندراوەتەوە
سۆران نەقشبەندی
+
-
هەر ئەم پرسیارە بوو کە منداڵی لێتێکدام، ئەو کاتەی یەکەم
کتێبم بە عەرەبی خوێندەوە تێگەشتم کە هەڵەیەک لە ئارادایە.
لەساردترین گوندی هەورامانەوە، تا ساردترین شارەکانی دنیا رۆشتم، هەموو رۆژێك
زیاتر بەر ئەومەتەڵە دەکەوتم کە لەژیانی مندا هەیە، ئەویش بابەتی شوناسە، کە بەراستی
هیچ کەسێک وەک خۆم نەیدەناسیم، بەردەوام دەبوو لە مەحفەلە نێودەوڵەتیەکان ئەو
رونکردنەوە ناپێویستانە بڵێمەوە کە نەدەبوو بیانڵیم و رونکردنەوەی زۆر بدەم تاکو
بزانێ من کێم و خەڵکی کوێم. عێراق نەبێ و ئێران نەبێ و تورکیا و سوریاش نەبێ، ئەی
کوێیە ئەم شوێنە؟ کوا وڵاتی تر لەوێدا هەیە؟
کێشەکە ئەمە بوو (وڵات)!
من دەمزانی هەیە، ٧٠ ملیۆنی تریش دەیانزانی هەیە، دەمانزانی خۆر لەسەرزەمینی ئێمەوە
هەڵدێ، لەوێوە روناکی و ژیان بۆ سەرزەوی پەخشدەبێت، ئیتر جۆرەها پرسیار، عەجەبا بۆ
ئاڵاکەمان لەهێچ کوێ نیە، بۆ ئێمە لەجیهاندا نین؟ تێگەشتم کە ئەوەی حساب بێت بۆ نەتەوەکەم
نەکراوە و هەر جارەو بە مۆدێلێک دووبەرەکی ناوخۆیی و پەلاماری زۆر زۆر دڕندانەی وڵاتەکانی
بەناو دراوسێیەوە قەتڵوعامکراوە، کوردبونی لێ یاساغ کراوە. لەوەش خراپتر، بینیم ئەم
ئێستە ئەو وڵاتانەی کە ئێمەیان داگیرکردوە و دزیوە لەدونیادا کورسیان هەیە و نوێنەرایەتیان
هەیە، کە وردبومەوە لە پیکهاتەی وڵاتان، هەنێکیان بەقەدەر گەرەکی یەکێک لە شارەکانی
وڵاتەکەی من نابن، ئەی کەواتە ئەم شتانە بۆ وایە؟ من بۆ نیم؟
ئەمە بوە پەڵەی سەردڵم،
بوە موخرکەی رۆح و بونم، دەستمکرد بەگەڕان بەنێو مێژوو و یاسا و فەلسەفە و کۆمەڵناسی
و جۆرەها سەرچاوەدا، بەهەموو دەق و کتێبە پێویستەکانی مێژوی فیکرو فەلسەفە و یاسا نێودەوڵەتیەکان و کۆمەڵسازی
و شارستانیدا رۆشتمە، تێگەشتم کە لێرەوە لەم سەرزەمینەی ئێمەوە شارستانیەت سەرهەڵدەدات،
یەکەمین چاند لێرەیە و یەکەمین دین، یەکەمین ئاژەڵداری، تەنانەت یەکەمین سیستمی فەرمانرەوایی
ئیمپراتۆریی، یەکەمین داهێنانە هونەریەکانی وەک موزیک لەوڵاتی خۆرەر سەریهەڵداوە.
رۆژانە و ساڵانەش دەمبینی
نەتەوەکەم زۆر حاڵی خراپە بەدەست دەوڵەت و میەلەتانی ناوچەکەوە، هەردەم دەچەوسێنرێینەوە،
لەهەموو سەردەمەکاندا کۆمەڵکوژ دەکرێن، لەحاڵەتێکدا کە نەتەوەکەشم زۆر زۆرن و زۆریش
بەهێزن و زۆریش جەنگاوەرن، هەر بۆ نمونە نەتەوەی من نەبوایە، ئێستە چادرێکی رەش بەناوی
داعش باڵی بەسەر دنیادا کێشابوو و سەری ملیۆنانیش پەڕێنرابوو، ئەم ئێستاش خۆی و
خوا و چیاکان مانەوە لەبەرامبەر هەمان هەڕشەی جاری پێشوو، ئەی کەواتە کێشەکە چیە کە
تاکو ئێستا بە ٧٠ ملیۆن کەسەوە دەوڵەتۆچکەیەکمان نیە؟ لەکۆتایی گەشتەکەمدا پڕ
ماندوو بوم و دانیشتم بەخۆمم وت، باشە تاکەی دەبێ بڵێم عێراقیم، کەنیشم، تاكەی بڵێم
ئێرانیم و نیشم، بۆچێ ئەبێ هەموو شتێک و هەموو نەتەوەیەکی تر بم بەس کورد نەبم، دیسان،
ئەی کوا دەوڵەتەکەم؟
بەکورتی و بەکوردی، ئەم
چیرۆەکە ناخۆشەی سەرەوە گەیاندمی بەوەی کە هیچ رێگریەک لەبەردەم کورد نیە کە دەوڵەتەکەی
خۆی راگەیەنێت، چونکە خۆشبەختانە ئەوەی کەئەم بڕیارە چارەنووسازانە دەدات بەپێی هەموو
یاسا نێودەوڵەتیەکان، من و تۆین، نەتەوەکەیە، تاکە مەرجیش ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەئاشتیانە
بکرێت، ئێمەش رێک وادەکەین و ئەوەشمان دەوێت، ئەگەر نا، رەنگی ئاڵامان دەگۆرین و بەهێزپارێزگاری
لەخۆمان دەکەین، چونکە لەئێستەدا وڵاتی خۆمان بەدەستخۆمان نیە و پارێزراونین و لەژژێر
جۆرەها نادادیداین. کەواتە بێگومان ئەگەر ئەو بڕیارە بدەم و دەنگ بدەم بە دەوڵەتی
سەربەخۆی کوردی تۆش وەک من دەنگ دەخەیتە پاڵ دەنگم تا ببینە دوو و سێ هەزاران و ملیۆنان؟
دڵنیام وەڵامەکە بەڵێیە و ئامادەی.
کەواتە سەرەتا ئەبێ چیبکەین،
ئەبێ دیزاینی نوسراوێک بکەین و نامەیەک بنوسین بۆ هەموو نەتەوەکانی تر کە ئێمە دەولەتی
خۆمان رادەگەیەنین، دوای ئەوە چاوەڕێی پەیوەندیەکانیان دەکەین و بزانین بڕوامان پێدێنن
(هەرچەندە زۆریش گرنگ نیە لەئێستەدا) یاخود ئایا دانمان پیادانانێن، تائێرە هەموو
شتێک ناوخۆییە و پەیوەندی بەکەسەوە نیە، دوای ئەم هەنگاوە وەک چۆن ئەوانی تر مامەڵەدەکەن،
منیش مامەڵە دەکەم، بەمجۆرەش پەیوەندیەکانی دەرەوەمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆمان
دەستپێدەکەین، هەرکەسیش بیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەرمان پێشمەرگە و شەرڤان دەستی دەبڕن.
ئێستە ئەزانم پرسیارەکەت ئەوەیە، ئایا بەراستی دەوڵەت ئەوەنە ئاسان و هەوەنتەیە، بەڵێ
هەوەنتەیە، ئەگەر هەوەنتە نەبوایە کوەیت دەوڵەت نەدەبوو منیش بێلانە، ئەگەر هەوانتە
نەبوایە ڤاتیکان دەوڵەت نەدەبوو منیش چاوەڕوان، بەهەر حاڵ دیەمەنەکان هەرئاوا بەوجۆرە
سادەو ساکارن، هەندێ شت هەیە هەرگیز تاقی نەکراوەتەوە، وەکو دەوڵەتی کوردستانی گەورە،
تاکو بزانین چی روودەدات، بۆیە هیچ کام لە پێشبینیەکان ناچنە قاڵبی ئەگەری حەتمیەوە،
هیچ کاتیش وەکو ئێستە و ئەمڕۆ ساناتر و ئاسانتر نەبوە، چونکە ئێستە نەتەوەکە یەک دەنگە،
یەک دەنگ.
لێرەدا (یەکدەنگ) مەبەست
لەمانای سەد لەسەدی وشەکەیە، بەومانایەی پرسیاری دەوڵەتی کوردی بۆ هەرکوردێک لەدنیادا
یەک وەڵامە، کە ئەویش بەڵێیە، لای خۆمەوە من بەنوێنەرایەتی ئێوە هەمووتان هەڵدەستم
بە کارە ئیداریەکانی و هیچ پێویستناکات سایسیەکانیش خۆیان مشەوەشکەن، دڵنیام ئەوانیش
هەر ئەوەیان دەوێ، ئەمجارەیان شۆڕشەکە بەجۆرێکی ترە، لەگەڵ ئەوانیشین هەمومان لەیەک
بەرەین، لەبەرامبەر دوژمنە راستەقینەکانمان،
بۆیە نا لەئارادا نیە، لەراستیدا لەم کاتەدا کە ئەم دێڕانە دەنوسم، بیر لەئاسانی
پرۆسەکە دەکەمەوە کە چۆن سبەی دەستیپێدەکەین، ئەویش بەم جۆرەی لای خوارەوە.
سنور و زمان و کلتور و مێژوو
و دەلیلی مێژووی و هەمووشتێکمان ئامادەیە، بەزمانێکی زۆر سادە لە سبەیەوە لەگۆی زەویدا
دەستدەکەین بەسەرژمێری کوردان لەهەرشوینێکی دنیان، لێیان دەپرسین ئەرێ بەراستی
بابزانین ئێمە کێین؟ ئەوانیش دەڵین کوردن ئەم. فۆرمی راپرسیەکەمان دواتر دەکەین بە
راستی و دیسان هەم سەرژمێریەکی تر دەکەین، بەجۆرێک کە هەموو تازلەدایکبویەکیش داتای
تۆماربکرێت و دواتر ئەوانەی سەرو ١٨ ساڵن کە رەنگە ٣٠ ملیۆنێک دەنگدەر هەبێ لەئێستەدا
دەنگ لەسەر پرسیارە ریشەییەکە دەدینەوە، فۆرمەکەش دیزاینەکەی زۆر سادە دەبێ، کینە
ئەم؟ ئەگەر خۆت بە کوردبزانی، وەلام دەدەیتەوە کوردن ئەم.
شۆڕشەکە یەک وشەیە:
کوردن ئەم.
نوقتە سەری دێڕ..
سەرەتا دانیشتوانی جیهان
بێزارناکەین، بەهۆی ئەوەی کە ئێمەی کورد کەوتوینەتە سەرزەمین خۆر و پڕە لەئاوازی خۆشەویستی
و پێکەوەژیان، بۆیە سەرەتا شۆرشی گۆرانی بەرپادەکەین، بەهەزاران جۆر سرودی نەتەوەیی
کینە ئەم، کوردن ئەم، بەجیهاندا دەڵیینەوە لەهەموو کافێیەک و یاریگا و هۆڵ مەیدانێک
و ئۆرکسترایەک بجۆرەها ستایل راپ و حەیران و تراپ و هاوس و ئەلیکترۆ بەهەموو زمانەکان
بۆ دنیای بڵاودەکەیەنەوە، بەجۆرێک خەو لەچاوەی دنیا دەتارێنین، مەتاری کوێمان بوێت
بەترافیک پەکی دەخەین، بمانەوێت کام شار بلۆک بکەین دەیکەین، دەتوانین شۆڕشی ئەلکترۆنی
بە هاشتاگەکانی کوردن ئەم لەجیهاندا بەرپابکەین، هاوکێشەکان تێکدەدەین، هەموو شتێک
دەکەین، جگە لەشتی بێیاسایی، بۆ نمونە بڕوا بەهەموو ژمارەیەک ناکەین لەشوێنی شیاوی
خۆیدا نەبێت، لای ئێمە چیدیکە ٢ کۆ ٢ ناکاتە چوار دەکاتە یەک، بیردۆزی قورس دەخەینە
بازاڕی سایسەتی نێودەوڵەتی، کێشە بۆ غاز و نەوتیان دروستدەکەین، لەنێو باشەکان
باشترین بۆخۆمان دادەنێین، بەژمارە قسەیان لەگەڵ دەکەین، دڵنیابن کورد هەمووی بێتەوە
نیشتمانی خۆی، جیهان توشی کێشەیەکی گەورەدەبێت لەروی هێزی کارو شارەزاییەوە، زۆر
شوێن و پێگەی هەستیار و زۆر نازناوی باڵا بەناوی کوردانەوەیە لەجیهاندا، شیرەمەنی
چوپانی دەتوانێ شۆرشی شیر بەرپابکات لەئەوروپا و ئەمریکا، جۆرەها کامپەین بنۆ ئەو
دوو دەستەواژانەی سەرەوە ئەنجامدەدەین.
رەنگە ئێستە لەدڵی خۆتا
بڵێی ئەی ئەم کارە بە کام سەرمایە ئەنجامدەدەیت، بێنە پێشچاوی خۆت هەژماری کورد بکەیتەوە،
بەناوی هیچ کەسوشوێنێکەوە نەبێت و بەناوی هاوبەشەکانی ئەو براندە نیشتمانی، هەرکەسێک
چەند سەهم دێنێت ئەوەندە خاوەنپشکدەبێت، بەم جۆرە سەرمایەگوزاریە نەتەوەییە هەرگیز
ئابووریەکەمان ناکەوێت و رۆژ بەرۆژ بەهێشوو داهاتەکە زیاددەکات.
بەمەش یەکەمین دەوڵەت دروستدەبێت کە هەمو داهاتی
دەوڵەتەکە سەرمایەی نەتەوەکەیو و بونی کورد یەکسان دەبێ بەبونی کوردستان، بێگومان
ئەم هاوکیشەیەش بێکۆتایە و هەردەمێنێ، گەندەڵی لەژێر سفریشەوە دەبێت چونکە هەموو
خاوەنپشکەکان دەتوانن هەمیشە چاودێری جەڵەی ئابوریەکەی بن.
هەنگاوی سەرەتاش ئێمە لێرەوە
دەتوانین ژمارەیەکی بەرچاو بخەینە سەر ئەو هەژماری بانکیە و و کوردانیش لەدوای
کرانەوەی و دڵنیابونیان لەپرۆسەکە هاندەری ئەم ئابوریە دەبن و رایدەگرن.
کورد تەنها برادنێكی دەبێت
ئەویش براندی نەتەوەییە، هەموو وەبەرهێنانەکانی کە دەولەتی کوردی دەیکات، سەد لە سەد
بواری ژینگەدۆستی رەچآودەکات، کەمترین کاربۆن بۆ گۆی زەوی دەردەدات، تاکە براند کە
کورد وەک نەتەوە خاوەنیبێت و کورد دروستیکردبێت بریتیە لە کوردبراند، لێرەوە کوالیتی
دەستنیشاندەکرێت، بۆیە لەدوای ئەم پرۆسەیەوە هەرشتێک بەناوی کوردستانەوە دروستبکرێت
ئەم براندە نەتەوەییە چێکی دەکات، ئەم دامەزراوەیە ناو و ناوبانگی نەتەوەکە دەپارێزێت.
دەنگی پێی دەوڵەتێک دێت.
بژی کورد بژی کوردستان.