هێرشی چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بەردەوامە و بەهۆیەوە تا ئێستا ٧٠ کەس بونەتە قوربانی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەڵێن،زیاد لە چوار هێرشی هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقیان تێکشکاندووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٥، هەسەدە وتی، بۆ سێیەم رۆژی یەکلەدواییەک هێرشکی چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب بەردەوامە و هێرشەکانیش ئەو ناوچانە دەکەنە ئامانج کە خەڵکی سڤیلیان تێدایە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەبیش دەڵێت،
گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە تانک و موشەکی گراد گەڕەکی شێخ
مەقسودیان لە شاری حەلەب بۆردومان کردووە و ئەو ناوچانەیان کردووەتە ئامانج کە
خەڵکی سڤیلیان تێدایە. دەشڵێن، هێزەکانیان بەردەوامدەبن لە پاراستنی سەلامەتیی
خەڵکی مەدەنی و بە توندی رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبنەوە کە بیەوێت ئاسایشی ناوچەکە
بخاتە مەترسییەوە.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدەش
هۆشداریدا و وتی، بەوپەڕی هەستیارییەوە چاودێری دۆخەکە دەكەن بەڵام ئەگەر هێرشەکان
لە حەلەب بەردەوامبن ئەوا شەڕەکە دەبەنە شارەکانی دیکەی سوریا و تەواوی وڵاتەکە
دەبێتە گۆڕەپانی شەڕێکی کراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بۆ سێیەم رۆژی
لەسەریەک گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق جارێکی تر دوای هێرشەکانی چەند
هەفتەی رابردوو هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب
دەستپێکردووەتەوە و بەهۆیەوەنزیکەی ٧٠ کەس بونەتە قوربانی کە زۆربەیان کەسانی
مەدەنین و هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود وئەشرەفیە و رۆژی رابردووش گەڕەکی بەنی زەید
بۆردومانکران و بەشی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ئاوارەبوون.