سەردێڕ:

بەرگریی شارستانی ئاماری رووداوەکانی ساڵی رابردووی ئاشکرا کرد

PM:08:08:11/01/2026

292 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێم رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا ٥٠٨ حاڵەتی لافاو روویداوە و ٦٨ کەسیش خنکاون. وتیشی، لە دوو ساڵی رابردوودا ١٣٪، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە کەمی کردووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ١١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسید، داتا و ئامارە فەرمییەکانی ساڵی رابردووی سەبارەت بە رووداوە جۆراوجۆرەکان و قوربانیان راگەیاند.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێگەی دەزگای کەشناسی و بوومەلەرزەزانییەوە بەردەوام زانیارییان پێ دەگات و دوای هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکان، تیمەکانیان دەخەنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

وتیشی، ساڵی رابردوو لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ٦٨ کەس بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە، ٢٦ کەسیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، کە زۆرینەیان لە زێی گەورە لە سنووری شارۆچکەی خەبات خنکاون، بەگوێرەی داتاکان، زۆربەی قوربانییەکان گەنج بوون و تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ساڵیدا بووە.

داتا و ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٥ بەم شێوەیەن:

- کۆی رووداوە جۆراوجۆرەکان: ١٢ هەزار و ٣٤٥ رووداوە.

- رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە: نۆ هەزار و ٤٠٢ رووداو.

- رووداوەکانی لافاو: ٥٠٨ ڕووداو.

- کۆی گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوەکان: ٨٥ کەس.

- گیانلەدەستدان بەهۆی خنکان: ٦٨ کەس.

- ڕزگارکردنی هاووڵاتییان: هەزار و ١٢٦ کەس (کە ٢٢ـیان لە خنکان رزگارکراون).

- گیانلەدەستدانی کارمەندانی بەرگریی شارستانی: دوو کارمەند.

- برینداربوونی ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی: ١٨ کارمەند.

لە کۆتایی داتاکاندا ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە لەناو هەموو رووداوەکاندا لە سەرانسەری هەرێم، ژیانی هەزار و ١٢٦ هاوڵاتی لە مەترسیی حەتمی رزگار بکەن.













گەلەری