دەستەی گەشتوگوزاری عێراق دەیەوێت لە رێگەی ستراتیژییەکی نیشتمانییەوە تا ساڵی ٢٠٣٥ پێشوازی لە ١٠ ملیۆن گەشتیار بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە ٦ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، عەلی یاسین، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق رایگەیاند، ستراتیژییەکی نیشتیمانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری ئامادە کردووە، تا ساڵی ٢٠٣٥، دەخایەنێت و لە رێگەیەوە هەوڵ دەدات پێشوازی لە ١٠ ملیۆن گەشتیار نێودەوڵەتی بکات.
وتیشی، بەریتانیا ئاستی مەترسییەکانی عیراقی کەمکردووەتەوە، هەروەها
ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپی دیکە، لەوانە سویسرا و ئیسپانیا، ئەم دۆسیەیەیان لەبەرچاو
گرتووە، ئەوەشی خستەڕوو، دەستەکە چەندین چالاکیی بۆ باڵیۆزانی وڵاتانی بیانی
رێکخست، لەناویاندا ئێوارەخوانێک لە باخچەکانی سەرای و پێشکەشکردنی نمایشی هونەری
و کولتووری، بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی ئەوەی کە عێراق وڵاتی شارستانیەت و
ئاشتییە.
روونیشی کردەوە، گەشتوگوزار پیشەسازییەکە کە پشت دەبەستێت بە ئاسایش و
سەقامگیری و ژێرخانی ئابووری و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە، جەختیشی کردەوە،
پێویستە گرنگی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری بدرێت، چونکە ستوونێکی ئابووری و کولتووری
و کۆمەڵایەتی گرنگە.
باسی لەوەشکرد، دەستەکەیان لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا چەندین کۆنفرانسی گەشتیاری
جۆراوجۆری ئەنجامداوە، لەوانە کۆنفرانسی ئاماری گەشتیاری، کە بە بەشداری
شارەزایانی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا و ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهێنا.
دەشڵێت، روانگەیەکی پێشنیازکراو بۆ ستراتیژییەکی نیشتیمانی بۆ پەرەپێدانی
کەرتی گەشتیاری عیراقی گەشەسەندوو ئامادە کراوە، کە تا ساڵی ٢٠٣٥، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ
دەخایەنێت، بەمەبەستی پێشوازیکردن لە ١٠ ملیۆن گەشتیار بۆ ناوچە گەشتیاری و
شوێنەوارییەکان.