سەردێڕ:

مەرجەکانی خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆک کۆماری عێراق راگەیەندرا

PM:02:00:31/12/2025

4488 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق مەرجەکانی خۆپاڵاوتنی بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری عێراقی بڵاوکردەوە و پشتبەست بە مادەکانی دوو و سێ لە یاسای ژمارە هەشتی ساڵی ٢٠١٢.


لە راگەیەندراوەکەی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن و ئەو مەرجەکانیان تێدایە پێویستە داواکاری نووسراوی خۆیان، لەگەڵ بەڵگەنامەی فەرمی خۆیان و سیڤیەکان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بەڵگەنامانە لە کاتی دەوامی فەرمی لە کاتژمێر نۆی بەیانی تاوەکو سێی پاش نیوەڕۆ وەردەگیرێن لە هۆڵی کۆبوونەوەکان لە رۆژی ٣١ـی ١٢ تاوەکو چوار و پێنجی، مانگی یەکی ٢٠٢٦.

مەرجەکانی خۆکاندیدکردن:

- رەگەزنامەی عێراقی: دەبێت کاندیدەکە عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی لە دایک بووبێت.

- تەمەن: پێویستە تەمەنی لە ٤٠ ساڵ کەمتر نەبێت.

- بڕوانامە: دەبێت هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ بێت.

- شارەزایی سیاسی: پێویستە ئەزموون و شارەزایی سیاسی هەبێت و ناسراو بێت بە دەستپاکی و لێهاتوویی.

- مەرجی دادوەری: نابێت هیچ سزایەکی لەسەر بێت کە پەیوەندی بە تاوانەکانی شەرەفەوە هەبێت.

- سەروەریی یاسا: دەبێت باوەڕی بە پاراستنی سەروەریی یاسا، یەکڕیزی نیشتمانی و ئاسایشی وڵات هەبێت.

پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەناو پەرلەمانی عێراق بە چەند هەنگاوێکدا تێدەپەڕێت:

١- کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن: لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە، ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سەرۆکایەتی پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەکاتەوە و ئەو کەسانەی مەرجەکانیان تێدایە داواکاری پێشکەش دەکەن.

٢- پشکنینی ناوی کاندیدەکان: دوای داخستنی دەرگای خۆکاندیدکردن، لیستێک بە ناوی ئەو کەسانە ئامادە دەکرێت کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە و ناوی کاندیدە پەسەندکراوەکان بە فەرمی رادەگەیەنرێت.

٣- دانیشتنی پەرلەمان: پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ساز دەکات. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (٢١٩پەرلەمانتار) ئامادەبن.

٤- گەڕی یەکەمی دەنگدان: لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (٢١٩ دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی ٧٠ـی دەستووری عێراقە.

٥- گەڕی دووەمی دەنگدان (ئەگەر پێویست بوو): ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا کێبڕکێیەکە دەچێتە گەڕی دووەم. لەم گەڕەدا، تەنها ئەو دوو کاندیدە ڕکابەری دەکەن کە لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە گەڕی دووەمدا، ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت.

٦- سەرۆکی هەڵبژێردراو: دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق رادەگەیەنرێت و سوێندی دەستووری دەخوات بۆ دەستبەکاربوون.

بەپێی ماددەی ٧٢ـی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی ٣٠ رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات، دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ.

شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک کۆماری عێراق، کۆشکی 'سەلام'ـە لە ناوچەی سەوزی بەغدا و لەوێوە رۆژانە کاروبارەکانی وڵات بەڕێوەدەبات.




 













گەلەری