کەشناسی هەرێم رێژەی بارانبارینی ٢٤ کاتژمێری رابردووی بڵاوکردەوە و دەڵێت، زۆرترین رێژەی بارانبارین لە پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی بووە، کە ٣٠ ملم باران باریوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، زۆرترین رێژەی باران لە پێنجوێنی سەربە پارێزگای سلێمانی بووە، کە ٣٠ ملم بووە، کەمترین رێژەی بارانبارینیش لە زۆرێک لە ناوچەکانی سەر بەپارێزگای دهۆک بووە کە رێژەکەی سفرە.
هاوکات، لە ناوچەکانی پیرمام و خەبات و شەقلاوە و کۆیە و سیدەکان و
دیبەگە و چۆمان و خەلیفان و بەنداوی دوین و چەمچەماڵ و دوکان و بازیان و رانییە و
قەڵادزێ و چوارقورنە و چەندین ناوچەی سەر بە پاریزگاکانی هەرێم لەسەروو ١٠
ملیمەوە بووە.
بە گوێرەی راپۆرتەکانی کەشناسی، بەشێکی تر لەناوچەکانی سەر بە
پارێزگاکانی هەرێم لەخوار و ١٠ ملم یاخود هەر بارانیان تێدا نەباریوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیش بەفر و باران تا کۆتایی ئەمساڵ و
سەرەتای ساڵی نوێ بەردەوام دەبێت و بەو پێیەش رێژەی بارانبارین لەهەرێم
بەرزدەبێتەوە.